مەسرور بارزانی: ناهێڵین رۆژئاڤا بەتەنیا بمێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسەوە پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، "هەرگیز ناهێڵین بەتەنیا بمێننەوە". هاوکات ئاشکرای دەکات، لە هەولێر کۆبوونەوە لەنێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک کراوە و گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ بەردەوامیی ئاگربەست.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-01-2026، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ناوەڕۆکی دیدارەکانی خستەڕوو، کە تەوەرێکی سەرەکییان دۆخی رۆژئاوای کوردستان بووە.
"هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان"
مەسرور بارزانی رایگەیاند، هەرچەندە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەیان ئابووری بووە، بەڵام دۆخی رۆژئاوای کوردستان بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان و گوتی، "لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکانماندا، بە چڕی باسمان لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان کرد. هەموو هەوڵ و سەرنجمان لەسەر ئەوە بووە کە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی بەهێز پەیدا بکەین بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان بێت."
سەرۆکی حکومەت پەیامێکی دڵنیایی دایە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدەین. هەرگیز ناهێڵین هاووڵاتییانی رۆژئاوای کوردستان بە تەنیا بمێننەوە."
کۆبوونەوەکەی هەولێر و ئاگربەست
لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئاگربەست، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە هەولێر لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و تۆم باراک بەڕێوەچووە. ئەوەی من زانیومە و پێمگەیشتووە، ئەوەیە کە هەردوولا بەنزیکەیی گەیشتوونەتە ئەو رێککەوتنەی کە ئاگربەست لە رۆژئاوا بەردەوام بێت. هەروەها دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی بگەن بە تێگەیشتنێکی دوولایەنە تاوەکو ئاشتی و سەقامگیری بێتە ئاراوە."
رۆڵی سەرۆک بارزانی
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد لە راگرتنی شەڕەکەدا و رایگەیاند، "سەرۆک بارزانی لە چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە و راستەوخۆ داوای لێکردووە کە کۆتایی بە شەڕ بێت، ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە کەسیان لەگەڵ شەڕ نین."
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، "دوای هەوڵێکی زۆر"، دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی یەکەم کاروانی هاوکاری بگەیێنێتە رۆژئاوای کوردستان و بەردەوامیشن لەو پرۆسەیە.