هەسەدە: دیمەشق بۆ دووەم رۆژ ئاگربەستی پێشێل کرد؛ کۆبانی و زیندانی ئەقتان لە ژێر تۆپباران دان

 
رووداو دیجیتاڵ 

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، سوپای عەرەبیی سووریا بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک هێرشەکانیان بۆ سەر کۆبانی و زیندانی (ئەقتان) لە رەققە بەردەوامە.
 
بەپێی راگەیێندراوی هەسەدە، لەگەڵ تۆپبارانی زیندانی ئەقتان کە چەکدارانی داعشی تێدایە، سوپای سووریا دەوروبەری شارۆچکەی (سڕین) و گوندی (خرووس)ـیان لە باشووری کۆبانی بە چەکی قورس تۆپباران کردووە. 
 
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، تەواوی گوندەواری باشوور و باشووری رۆژئاوای کۆبانی کەوتوونەتە بەر رێژنەی تۆپ و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش، "تۆپباران بەردەوامە." هەسەدە چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تۆپبارانی چڕی ئەو ناوچانە لە لایەن هێزەکانی سەر بە دیمەشقەوە نیشان دەدەن.
 
سزادانی بەکۆمەڵ و بڕینی ئاو و کارەبا
 
هەسەدە باسی لەوە کردووە، دوێنێ چوارشەممە 22 پێشێلکاریی ئاگربەست لە لایەن ئەو گرووپانەوە تۆمار کراون. جگە لە هێرشی سەربازی، دیمەشق بە پەیڕەوکردنی "سیاسەتی سزادانی بەکۆمەڵ" تۆمەتبار دەکرێت لەرێگەی بڕینی ئاو و کارەبا لە شاری کۆبانی و رێگری لە گەیاندنی سووتەمەنی لەم سەرما و سۆڵەیەدا. هەروەها ئاوی زیندانی ئەقتانیش لە رەققە بڕدراوە، "ئەمە مەترسییەکی راستەوخۆ لەسەر ژیانی زیندانییەکان و سەقامگیریی زیندانەکە دروست دەکات."
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، دیمەشق بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم پێشێلکارییانە دەزانێت و هۆشداری دەدات، بە ئامانجگرتنی ناوچە ئاوەدانەکان و زیندانەکانی داعش، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات. هەسەدە داوا لە وڵاتانی گەرەنتیکار دەکات، رێکاری بەپەلە و کاریگەر بگرنەبەر بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە.
 
ئەم پێشێلکارییانە لە کاتێکدایە، کە تەنیا یەک رۆژ بەسەر مۆڵەتە چوار رۆژییەکەی ئاگربەستدا تێپەڕیوە. دۆخی ناوچەکە بەم شێوەیەیە:
 
مەترسیی زیندانی ئەقتان: چیا کۆبانی، بەرپرسی پاراستنی زیندانی ئەقتان لە رەققە، ئەمرۆ رایگەیاند ئاو و کارەبا و خواردنیان تێدا نەماوە و داوای کرد هاوپەیمانان زیندانەکە وەربگرن تاوەکو 2,000 داعشەکە هەڵنەیەن.
 
جووڵەی ئەمریکا: فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) گواستنەوەی 7,000 زیندانیی داعشی لە سووریاوە بۆ عێراق دەستپێکردووە.
 
دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان: ئەمرۆ نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پاراستنی مافەکانی کورد لە سووریایەکی یەکگرتوودا و جێگیرکردنی ئاگربەست. هەروەها سەرۆک مەسعوود بارزانی لە ئیتاڵیاوە هێرشەکانی دیمەشقی بۆ سەر کورد بە "قبووڵنەکراو" وەسف کرد.