دوو کۆنگرێسمان بۆ رووداو: پێویستە واشنتن لە پاراستنی کورد بەردەوام بێت
رووداو – واشنتن
دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پێشهاتەکانی سووریا و هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر هەسەدە و کەمینەکان دەربڕی. کۆنگرێسمانەکان جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند بێت بە پشتیوانیکردن و پاراستنی کورد.
کیت سێڵف: پێویستە مامەڵەیەکی زۆر باشتر لەگەڵ کورد بکرێت
کیت سێڵف، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارەکانی رووداو لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ناو سوپای سووریا بۆ سەر هێزە کوردییەکان رایگەیاند کە هەرچەندە ئەم پرسە راستەوخۆ لە چوارچێوەی پسپۆڕیی ئەودا نییە، بەڵام بە وردی ئاگاداری پێشهاتەکانە.
سێڵف جەختی لە پشتیوانیی بێ مەرجی خۆی بۆ کورد کردەوە و گوتی: "بە دڵنیاییەوە من پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد دەکەم لە هەر چوار وڵاتەکەدا کە تێیدان، پێویستە مامەڵەیەکی زۆر باشتر لەگەڵ کورد بکرێت."
سەبارەت بە داهاتووی سووریا و هێرشی سوپای سووریا بۆ سەر ئەو زیندانانەی داعشیان تێدایە و لە لایەن کورد و ئەمریکاوە دەپارێزرێن، ئەو کۆنگرێسمانە گوتی: "دۆخەکە رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت، سووریا هێشتا وەک بۆشاییەک وایە و تائێستا نازانین چۆن جێگیر دەبێت، هێشتا زۆر زووە بۆ بڕیاردان."
سێڵف ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە خۆی گەشبین نییە، بەڵام ئێستا ئەحمەد شەرع پشتگیریی ئیدارەی ئەمریکای هەیە و ئەوانیش بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی وردی دۆخەکە.
تڕۆی نێڵز: پێویستە ئەمریکا بەردەوام بێت لە پاراستنی کورد
لەلایەکی دیکەوە، کۆنگرێسمان تڕۆی نێڵز، نیگەرانیی خۆی لە هێرشەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر کورد و کەمینەکان دەربڕی.
نێڵز بە رووداوی راگەیاند: "بە گشتی پێموایە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی کورد و دابینکردنی پاراستن بۆیان."
نێڵز ئاماژەی بەوە کرد کە چاودێری پێشێلکارییەکان دەکات و گوتی: "من هەمیشە دژی هەر هێرشێکم بۆ سەر کەمینەکان، بێگومان زۆر نیگەرانم لە هێرشەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر کورد و کەمینەکانی دیکە لە ناوچەکەدا."
ئەم لێدوانانەی ئەندامانی کۆنگرێس لە کاتێکدایە کە دۆخی سووریا گۆڕانکاریی خێرای بەخۆیەوە بینیوە و پرسی پاراستنی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی کوردن و چارەنووسی زیندانییانی داعش بووەتە جێی بایەخی ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی واشنتن.