رۆژی یەکەمی کەمپەینی رەنجی رووداو بۆ رۆژئاڤا؛ دەرمان، خۆراک و پێداویستی کۆکرایەوە

 
 
رووداو دیجیتاڵ

کەمپەینی 'رەنجی رووداو' بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و لەگەڵ دەستپێکی بەرنامەکەدا هاونیشتمانییان و کۆمپانیاکان دەستیان بە گەیاندنی هاوکاریی کرد.
 
کەمپەینەکە لە حەوشەی مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر بەڕێوەچوو و مامۆستایانی ئاینی و چەند کەسایەتییەکی دیار میوانی بەرنامەکە بوون.
 
خەڵکی رۆژئاوا پێویستیان بە چییە؟
 
لە سەرەتای کەمپەینەکە، هاونیشتمانییەک بەناوی نێچیرڤان، لە پەخشی راستەوخۆدا قسەی بۆ دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ قامشلۆ کرد و گوتی: "ئەمڕۆ هەموو میللەت دڵخۆشە بە گەڕانەوەی رووداو بۆ رۆژئاوا و گەیاندنی دەنگی میللەت، خەڵک لە عەفرین، حەسەکە، کۆبانێ و رەققە ئاوارەبوون، ئێستا بەفر دەبارێت، خەڵک لەنێو قوتابخانە و باڵەخانەی چۆڵ و نەخۆشخانەدان، خەڵک پێویستیان بە دەرمان و پێداویستییە."
 
 
نێچیرڤان گوتی: "زۆر پێویستمان بە پزیشکە، پزیشکی منداڵان، دڵ و شێرپەنجە."
 
لەکاتی قسەکانیدا، رەنج سەنگاوی هەواڵی ئەوەی بەو هاونیشتمانییە دا کە کۆمپانیای ئاوا مێدیکا یەک بارهەڵگر دەرمانیان بۆ دەنێرێت. 
 
 
هاونیشتمانییەک بە دڵی پڕەوە بۆ رەنج: خوا وەکیل بەس ئەو پارەیەم هەیە با بۆ رۆژئاوا بێ

 

لەنێو بەرنامەکەدا، هاونیشتمانییەکی قژ ماش و برنجی، هات بۆ گەیاندنی هاوکاری، چەند هەزار دینارێکی کەمی بەدەستەوە بوو، بە دڵێکی پڕەوە بە رەنج سەنگاوی گوت: "خۆم بە قوربانی جەنابت و رۆژئاوا دەکەم، خوا وەکیل ئەوەندە پارەم هەیە، سایەق تاکسیم، هیوادارم هەموو کەسێک ببەخشێت."

 

مەلا موزەفەر زیاد، یەکێکی دیکە بوو لە میوانەکانی کەمپەینی رەنجی رووداو و گوتی: "بەڕاستی قوڕگم پڕ گریانە، تەماشای هەموو دونیا دەکەی لە خۆشیدایە، تەنیا کورد لە مەرگەسات دایە."
 
ئەو مامۆستا ئاینییە گوتی: "هەموو وڵاتان کۆبوونەتەوە بۆ قڕکردنی میللەتی کورد، بەڵام ئەوە بە هەر چوار پارچەی کوردستان دەڵێم، ئەو دیمەنەی لە رووداو دەیبینن کە منداڵ بە ئاڵای کوردستانەوە دێ، گەورە و بچووک بە هانای خەڵکی رۆژئاواوە دەچن، دڵنیابن ئازاری زۆری دووژمن دەدات و دڵنیا دەبن کە سنوورەکانی ئەوان دەستکرد و کورد هەموو یەکن."
 
فایەق گوڵپی بە چاوی گریانەوە: کەمپەینەکەی ئەمشەوی هەولێر ساڵی 1988ی بیرخستمەوە
 
فایەق گوڵپی، یەکێکە لە سیاسەتڤانە دیارەکانی کوردستان، لە ستۆدیۆی سلێمانییەوە میوانی رەنج سەنگاوی بوو. لەبارەی هەڵوێستی خەڵکی هەولێر بۆ رۆژئاوای کوردستان قسەی کرد و خۆی بۆ نەگیرا و بە گریانەوە گوتی: "ئەم هەڵمەتە ساڵی 1988ی بیرخستمەوە کە خەڵکی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان هاتنە ئۆردوگاکانی دەوروبەری هەولێر، ئەوکات هەولێرییەکان هاوکارییەکی نموونەییان کردن. لە لافاوەکەی چەمچەماڵیش هەموو کوردستان و خەڵکی هەولێر زۆر باش هاوکارییان کردن."
 
فایەق گوڵپی گوتی: "ئایدۆلۆجیایەکی نەتەوە پەرستی و فۆرمێکی ئیسلامیی تووندڕۆ باڵی بەسەر سەرانی سووریادا کێشاوە، بەڵام خۆشبەختانە هەڵوێستی کورد لە ئاستێکی وادەیە کە بڵێین ئیدی ئەمجارە ناگەڕێینەوە دواوە."
 
"گەلی کورد رێگە نادات ئەوەی دەیانەوێ بەسەر رۆژئاوایدا بێنن"
 
ئەو سیاسەتڤانە گوتی: "هەڵوێستی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە رۆژاڤا زۆر گرنگە، چونکە وردەی گەریلای بەرزکردەوە و گوشارێک بوو بۆ سەر لایەنی پەیوەندیدار کە بزانن ئیدی گەلی کورد رێگە نادات ئەوەی دەیانەوێ بەسەر رۆژئاوایدا بهێنن."
 
فایەق گوڵپی کە پزیشکە، باسی گرنگیی بەخشینی دەرمانی کرد و گوتی: "لەکاتی شەڕدا ئەوەی گرنگە ژیناوە (موغەزی)، ئەنتی بایۆتیک، کانیۆلا، تەعقیم و چەندین دەرمانی دیکە بۆ منداڵان."
 
"رۆژئاوا پێویستی بە دوو جۆر پزیشکە"
 
دکتۆر فایەق گوڵپی گوتی: "رۆژئاوا ئێستا پێویستی بە دوو جۆر پزیشکە، یەکەمیان؛ ئەو پزیشکانەی کە پسپۆڕن لە نەخۆشییەکانی برین و سینگ بە گشتی، دووەمیان؛ پزیشکی مێشک و دەمار. چونکە لەوێ ئەو دوو جۆرە پسپۆڕە کەمن."
 
"هاوکاریکردنی کوردانی رۆژئاوا ئەرکێکی ئایینییە"
 
دکتۆر محەممەد شافیعی، یەکێکی دیکە بوو لە میوانانی کەمپەینەکە کە لە ماڵی خۆیەوە راستەوخۆ بووە میوانی رووداو و گوتی: "وەکو مەلای گەورەی کۆیە پێش 70 ساڵ فەرموویەتی: 'هەتا دەمرم لەبۆ کوردان دەناڵم، چۆن عیلاجیان بکەم، هاوار بەماڵم'. ئەمڕۆ کوردەکانمان لە رۆژئاوا ستەمیان لێ دەکرێ، مافیان پێشێل دەکرێ، لە زێد و نیشتمانی خۆیان دەربەدەر دەکرێن، گەورە و بچووکیان دەکوژرێن."
 
دکتۆر محەممەد شافیعی کە مامۆستای ئاینییە گوتیشی: "پێویستە لەم کاتەدا ئێمە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان هاوکار و یارمەتیدری کوردانی رۆژئاوا بین، بەڕاستی هاوکاریکردنیان لەم کاتەدا ئەرکێکی ئاینییە، هەروەها ئەرکێکی نەتەوەییشە. خێر بۆ نەتەوەی خۆت دوو جار خێرە."
 
دکتۆر محەممەد شافیعی ئاماژەی بەوەکرد، ئەم هاوکارییە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانییە و پێویستە هاوکارییان بکەم، پێم خۆشە  ئالێرەدا ئاماژە بە فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئازیز بکەم کە دەفەرمووێت: " من نفس عن مؤمن كربة من كرب الدنيا ، نفس الله عنه كربة من كرب يوم القيامة.." ئەگەر سەیری فەرموودەکە بکەین، وەکو چۆن کەسێک هەناسەی لێ بڕابێ و تۆ دەرگەی لێبکەیتەوە و تۆزێک هەناسە بدات، دەفەرمووێت: هەر کەسێک ناڕەحەتییەک لە ناڕەحەتییەکانی دونیا لەسەر برا یان خوشکێکی لاببات، خوای گەورە لە ناڕەحەتییەکانی قیامەت رزگاری دەکات.
 
"دانیشتنمان لە حەوشەی مزگەوت وەڵامی ئەو بێویژدانانەیە"
 
د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان کە لە کەمپەینەکەدا میوان بوو گوتی، "دانیشتنمان لە حەوشەی مزگەوت و لە ژێر منارەی مزگەوت وەڵامی ئەو بێویژدانانەیە کە فەتوای کافربوونی میللەتی کوردیان دەرکرد."
 
د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی دەڵێت، "جارێکی دیکە دوژمنانی کورد و کوردستان دەیانەوێت کورد قڕکردن دەستپێبکەنەوە کە ناتوانن، ئەرکی ئایینی و نیشتمانیی هەموومانە هەریەکە و بەپێی توانای خۆی، هاوکارییەکان بگەیێنێتە ئەم کەمپەینە."
 
"ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانە"
 
سەرۆکی یەکێتیی زانایان باسی لەوەش کرد، "ئەمڕۆ یادی 80 ساڵەی کۆماری کوردستان بوو، راستە تەمەنی کۆمارەکە کەم بوو، بەڵام کاریگەرییەکەی هەر ماوە و دەمێنێت، کورد هەمیشە ئاوا پشتی یەکدی دەگرن و دەیسەلمێنن یەکگرتوون."
 
دڵنیایشی دا لەوەی، "ئەو بارودۆخەی کە لە رۆژئاوای کوردستان ئێستا هەیە، نامێنێت و ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانیان دەکات، ئەم زوڵم و ستەمە تاوەکو سەر نامێنێت و دوژمنانی کورد قەت نەیانتوانیوە سەرکەوتووبن لە مەرامەکانیان."
 
سەرۆکی یەکێتیی زانایان ستایشی رۆڵی رووداوی کرد لە گەیاندنی دەنگی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "بوونی رووداو لە کۆشکی سپی و گەیاندنی هاواری رۆژئاوا بە سەرۆک ترەمپ سەلمێنەری ئەوەیە کە بوونی هەرێمی کوردستان وەکو پەناگەیەکە دەتوانێت پەیامەکەیان بگەیێنێت."
 
د. عەبدوڵڵا وەیسی رووی لە سەرمایەداران کرد و گوتی، "پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لەسەربێت) بەڵێنی داوە کە ماڵ بە بەخشین کەم ناکات، دەرفەتتان لەپێشە و رەنگە هەلی لەوجۆرە بە ئاسانی دووبارە نەبێتەوە، ئەمە دەرفەتێکی باشە کەناڵی رووداو دەستیپێکردووە و وەرن بەشداری تێدا بکەن."
 
 
بەشێک لەو کۆمپانیایانەی کە بەشداربوون لە کەمپەینەکە:
 
- کۆمپانیای دەرمانی ئاوامێدیکا، وەکو یەکەم کۆمپانیا، دوو بارهەڵگری لە 29 جۆری جیاوازی دەرمانی بە بەهای زیاتر لە 416 ملیۆن دینار بەخشییە کەمپەینەکە.
 
- گرووپی هایپەرمارکێتەکانی تیم مارت، لە قۆناخی یەکەمی هاوکارییەکەیدا، بڕی 1000 دۆشاوی تەماتە، 1000 کیسە برنج، 1000 بووتڵ زەیت و 2000 قوتووی ماسی پێشکێشی کەمپەینەکە کرد.
 
- کۆمپانیای مەجەڕە، یەکێکی دیکە بوو لە بەخشەرەکان و بڕی 25 ملیۆن دیناری بەخشی. هەروەها ئێم سەنتەر بە بڕی 50 ملیۆن دینار هاوکاری کرد کە بریتی بوو لە 1000 سەبەتەی خۆراک، و وێرا گرووپیش بڕی 50 هەزار دۆلاری بەخشی.
 
- سۆران عەبدولواحید خۆشناو، وەکو هاوکارییەکی دیکە، بڕی 1 تۆن ساوار، 300 کیلۆگرام فاسۆلیا و 300 کیلۆگرام نۆکی بۆ هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان دابین کرد.
 
- رێکخراوی مەیار بۆ گەشەپێدانی ئابووری، بە 100 سەبەتەی خۆراک بەشداریی لە کەمپەینەکەدا کرد. کۆمپانیای نیوتری هۆڵەندیش، بڕیاریدا 2400 قوتوو شیر و دایبی بۆ منداڵانی رۆژئاوای کوردستان دابین بکات.
 
- لە سلێمانی، چوار کۆمپانیا بە بەهای نزیکەی 30 ملیۆن دینار هاوکاری دەرمانیان گەیاندە نووسینگەی رووداو. هەروەها حاجی جووتیار کەلاری، خاوەنی کۆمپانیای شەمیم گوڵبەهار، بڕیاریدا بارهەڵگرێک برنج بۆ رۆژئاوای کوردستان بنێرێت.
 
پێشمەرگەیەکی برینداری شەڕی داعش 1056 قوتوو شیری بەخشی
 
جگە لە خۆراک و دەرمان و پێداویستییەکان، بڕێکی زۆر پارەی کاش لە کەمپینەکەدا کۆکرایەوە و دەگەیێندرێتە رۆژئاڤا.
 
یەکێک لەو خێرخوازانە، پێشمەرگەیەکی بریندار بوو کە لە شەڕی دژی داعشدا بەشێک لە ئەندامانی جەستەی لەدەستدابوو. ئەو پێشمەرگەیە، 1056 قوتووی شیری بۆ منداڵانی رۆژئاوای کوردستان بەخشی.
 
کەمپەینەکەی رووداو رۆژانی داهاتووش بەردەوام دەبێت و کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانی دیکەی کوردستان هاوکارییەکانیان دەبەخشنە رۆژئاوای کوردستان.
 
هاونیشتانییەکی رۆژئاوای کوردستان: لە تەنگانەدا هەموو کوردستانییان دەبنە یەک
 
هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کە دانیشتووی هەولێرە، بەشداری لە کەمپەینەکەدا کرد و بڕی 2500 دۆلاری بەخشی.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "ئەوەی رووداو دەیکات و خەڵک دەیکەن، جێی شانازیی هەر چوار پارچەی کوردستانە، ئەمە نیشاندانی وەفایە."
 
هاونیشتمانییەکەی رۆژئاوای کوردستان گوتیشی: "لە رۆژانی تەنگانەدا کورد هەڵوێستی خۆیان دەنوێنن، هەمووان دەبنە یەک، ئەوەی لە رۆژئاوا روویدا ئازاری هەموو کوردستانییانی دا."