ئاڵا تاڵەبانی: بە راوێژ لەگەڵ ماڵی مام جەلال خۆم کاندیدکردووە
رووداو - سلێمانی
ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و پەرلەمانتاری عێراق لەبارەی خۆکاندیدکردنی لەسەر لیستی هاوپه‌یمانی به‌غدا، لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت "بە راوێژ لەگەڵ ماڵی مام جەلال" خۆی لەسەر ئەو لیستە کاندید کردووە.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپه‌یمانی به‌غدا، کە لیستێکی عەرەبی سوننەیە و مەحموود مەشهەدانی سەرۆکایەتی دەکات، خۆی کاندیدکردووە و ژمارەی ریزبەندییەکەی لە لیستەکەدا پێنجە.
لە روونکردنەوەیەکدا ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت "لیستی هاوپه‌یمانی به‌غدا هاوپه‌یمانێتییه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی فره‌جۆره، پارتێكی سیاسی تایبه‌ت نییه. ئەو هاوپه‌یمانێتییه ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانه، وه‌ك زۆر هاوپه‌یمانی دیکە له ئاستی كوردستان و عێراق، هیچ پارتێك یان كه‌سایه‌تییه‌كی به‌شدار نابێته ئه‌ندام له پارتێكی دیکە، هه‌ركه‌س به پێگه‌ی خۆی به‌شداره بۆ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردندا".
تاڵەبانی بە لایەنگرانی یەکێتی دەڵێت "دڵنیابن من هیچ كارێك ناكه‌م كه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ت و نه‌هجی راسته‌قینه‌ی مام جه‌لال لابدات. ئه‌م خۆكاندیدكردنەشم به راوێژ و ئاگاداری ماڵی مام و هه‌ڤاڵانم له سه‌ركردایه‌تی تاوتوێكراوه و بڕیاری لێدراوه، به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كی زیاتر بۆ كورد و یه‌كێتی له به‌غدا".
ئاڵا تاڵەبانی دەشڵێت "مه‌رج نییه هه‌موو پلانێكی سیاسی بخرێته سه كاخه‌ز به‌ڵام دووباره و سێباره دڵنیابن له‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی راسته‌قینەی یه‌كێتی ده‌رناچێت و له به‌رژه‌وه‌ندی كورد‌و یه‌كێتییه له ئایینده، بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه و هه‌موو پلانه شكستخوردووانه‌یه كه به‌رده‌وام بو بچووككردنه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌ده‌ستی ناحه‌زان و به‌داخه‌وه خه‌ڵكی ناو یه‌كێتيش ئه‌نجامده‌درێن".
ئاڵا تەحسین حەبیب تاڵەبانی لە ساڵی 1966 لە سلێمانی لەدایکبووە. خاوەنی بڕوانامەی دیپلۆمە. پێشتر دوو خول پەرلەمانتاری عێراق بووە. ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
جگە لە ئاڵا تاڵەبانی، سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش لە پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی (هاوپەیمانیی نەسر)ی حەیدەر عەبادی خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كاندیدكردبوو، بەڵام دوای کاردانەوەکان، فراکسیۆنی گۆڕان کشانەوەی سروە عەبدولواحیدی لە لیستەکەی عەبادی راگەیاند.
داڕشتنەوە: حەکیم داود