لە پەلەوەرخانەکان تێچووی بەرهەمهێنانی مریشک 50٪ بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گرانبوونی ئالیک و ئەو پێداوییستییانەی بۆ بەخێوکردنی مریشک بەکاردێن، خاوەنی پەلەوەرخانەکان نزیکدەببنەوە لە مایەپووچبوون.
محەممەد نەجمەدین، خاوەنی پەلەوەرخانەیەک، لە کەلار پێش گرانبوونی هەموو پێداویستییەکان تێچووی کاروانێک مریشکی 100 میلۆن دینار بوو، ئێستا تێچووی کاروانێک مریشک بووەتە 150 ملیۆن دینار.
ئەو خاوەن پەلەوەرخانەیە بە رووداوی راگەیاند "من ئەم جارە بڕوات لە بەر خاتری كرێكارەكەم نەبێت مریشك بەخێو ناكەم، چونكە دەزانم زیانەكەم زۆرترە لە قازانج، هەشمانە تووشی زیان بووە ئێستا لە ناو خزموكەسی خۆیدا پارەی بۆ كۆدەكەنەوە."
گرانبوونی ئالیک، جوجکە، غاز، پرۆتین و هەموو پێداویستییەکانی دیکە وایکردووە بەشێک لە خاوەنی پەلەوەرخانەکان بڕیاری داخستنی بدەن.
ئیدریس ئەحمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی / لقی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند "ئەم پرۆژانە لە تێداچووندایە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە حكومەت هاوكارمان نییە بە هیچ شێوەیەك، كۆمەڵێكی زۆرمان مایەپووچ بوونە، كۆمەڵێك وازیانهێناوە هەموومان ئەگەر وا بڕوات وازدەهێنین و كێڵگەكانمان دادەخەین، بەهیچ شێوەیەك توانامان نەماوە كە درێژەی پێبدەین ئەمەش ئابووریی وڵاتە."
کشتوکاڵی گەرمیان لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات باج لەسەر هێنانی ئالیک هەڵبگرن.
ستار ئەحمەد، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند "پێكهاتەی ئالیك گرانبووە، وەزارەتی كشتوكاڵ نووسراوێكی فەرمی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی باج لە سەر هاوردەكردنی پێكهاتەی ئالیك هەڵبگیرێت، ئەگەر ئەو داواكارییە پەسندبكرێت ئەوا نرخی ئالیك کەمێک دادەبەزێت."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 150 پەلەوەرخانە هەن، بەرهەمی ساڵانەیان زیاترە لە 7500 تۆن مریشک.