بڕیاری دادگەى فیدراڵى؛ "پەرلەمانی کوردستان بۆی نییە بڕیار لە پرسە چارەنووسسازەکان بدات"


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵیى عێراق لە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، وادەکات لیستى تاکە کەسی بەشداربێت لە هەڵبژاردن، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش کە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە، بەسەر چوار پارێزگا دابەش دەکرێن، دەنگدەریش بە کارتى بایۆمەترى دەنگ دەدات، بەڵام دیارنییە چارەنووسى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستان چى دەبێت. 

هەروەها دادگە کۆتایی بە کورسیى کۆتاکان هێنا، کە دەبێت رکابەرى لیستەکانى دیکە بکەن، هاوکات پەرلەمانى کوردستان بۆی نییە بڕیار لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان بدات.   
 
پێکهاتەکان لە کۆتاوە بۆ رکابەری
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بە نادەستوریی زانینى کورسیی کۆتاکانە، بەپێی بڕیارەکەی دادگە، 11 کورسییەکەی کۆتای کریستیان، ئەرمەن و تورکمان نامێنێنن.
 
ئەو 11 کورسییەى کۆتاکان بە دوو قۆناخ زیادکراون، لە ساڵى 1992 بە بڕیارێکى ئەنجوومەنى باڵاى سیاسیى بەرەى کوردستانى پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان زیادکرا، دواتر لە هەموارى یاساى هەڵبژاردنى ساڵى 2009 پێنج کورسی بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ ئەرمەنەکان زیادکرا. 
 
وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى ئەو بڕیارەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، دەبێت پێکهاتەکان هاوشێوەى لیستەکانى دیکە بە لیستى جیا بەشداریى هەڵبژاردن بکەن و لەسەر بنەماى بەدەستهێنانى دەنگ دەتوانن کورسیی ببەنەوە."
 
وەعدى مزوورى گوتیشى: "ئەگەر هەیە لیستى ئەو پێکھاتانە کورسیی پەرلەمان بەدەست نەهێنن، بەهۆى رکابەریکردنیان لەلایەن لیستى حیزبەکانى دیکەوە کە دەنگى زیاتر دەهێنن و بەوپێیەش ئەگەر هەیە پێکهاتەکان بێبەشبن لە بوونى نوێنەریان لە پەرلەمان".
 
چارەنووسی کۆمیسیۆن "دیار نییە" 
 
بڕیارێکى دیکەى دادگە لەبارەى بڕگەى یەکەمى مادەى شەشەمى دووبارەى یاساکەیە، دەستەواژەیەکى بە نادەستوورى زانیوە، کە دەڵێت: "کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دەچێتە جێگەى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان بۆ سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى پەرلەمان، تاوەکو پێکهێنانى دەستەى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمى کوردستان"، لە برى ئەوە دەستەواژەیەکى دیکەى داناوە، کە ئاماژە بەوە دەکات کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان جێگەى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەگرێتەوە بۆ سەرپەرشتکردنى هەڵبژاردن.
 
وەعد مزوورى دەڵێت: "ئەو بڕگەیە روون نییە کە مەبەست لێى هەڵوەشاندنەوەى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستانە یان نا، لەکاتێکدا پێشتر دادگە سکاڵایەکى رەتکردووەتەوە بۆ بە نادەستووریناساندنى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانی هەرێمى کوردستان."
 
رۆژی 4ى تشرینى یەکەمى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵایەکى رەتکردەوە، کە پێشکێشکرابوو بۆ ئەوەى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى بزانێت.
 
شەرمین خدر بەهجەت، بەڕێوەبەرى کاروبارى یاسایى پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، مەبەست لەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى کوردستانە کە کۆمیسیۆن کارا نییە نەک بۆ هەمیشە هەڵیبوەشێنێتەوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونى خولی نوێى پەرلەمانی کوردستان، ئەو دەستەیەش کارا دەکرێتەوە.
 
بڕیارێکى دیکەى دادگە "نادەستووریبوون"ی بڕگەى چوارى مادەى شەشی یاسای هەڵبژاردن بوو، کە باس لەوە دەکات دەستەیەکى دادوەرى لە داگەى پێداچوونەوەى هەرێمى کوردستان پێکدەهێندرێت بۆ تاوتوێى تانەکانى هەڵبژاردن. 
 
شەرمین گوتى: "بەنادەستوورى دانانى ئەو بڕگەیە وادەکات کە بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان تانەکان لە دەستەى دادوەرى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان پێشکێش بکرێت و ئەو دەستەیە یەکلایی بکاتەوە، چونکە کۆمیسیۆنەکەى عێراق سەرپەرشتیى ئەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى کوردستان دەکات".
 
100 کورسی بۆ شەش ملیۆن کەس 
 
بڕیارێکى دیکەى دادگە "نادەستووریبوون"ى مادەى نۆى یاساى هەڵبژاردنەکانە، بەو پێیە دەگەڕێتەوە سەر داڕشتە رەسەنەکەى بەر لە هەموارکردنى لە ساڵى 2004، کە هەرێمى کوردستان دابەش دەکات بەسەر چەند ناوچەیەکى هەڵبژاردن، بەو مەرجەی لە چوار ناوچە کەمتر نەبێت.
            
بەوپێیە ئەو 100 کورسییە دابەش دەکرێتەوە بەسەر چوار ناوچەى هەڵبژاردندا کە ئەگەرى زۆر ئەوەیە بەسەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستاندا دابەش بکرێن.
 
بەگوێرەى نوێترین ئامارى دەزگاى  ئامارى عێراق، کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، بۆ ساڵى 2023، ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان شەش ملیۆن و سێ هەزار و 554 کەسە، پارێزگاى سلێمانى دوو ملیۆن و 320 هەزار و 434  کەسە، پارێزگاى هەولێر دوو ملیۆن و 97 هەزار و 205 کەسە، پارێزگاى دهۆک یەک ملیۆن و 461 هەزار و 457 کەسە، هەرچى پارێزگاى هەڵەبجەیە 124 هەزار و 458 کەسە.
 
بە دابەشکردنى ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان بەسەر 100 کورسیدا، هەر کورسییەک بەرامبەر بە 60 هەزار کەسە، بەوپێیە بە نزیکەیی پارێزگاى سلێمانى 39 کورسی بەردەکەوێت، هەولێر 35 کورسی بەردەکەوێت، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجە دوو کورسی بەردەکەوێت.
 
ئارام جەمال، بەڕێوەبەرى پەیمانگەى کوردى بۆ هەڵبژاردن بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هێشتا روون نییە ئەو دابەشکارییە بۆسەر ناوچەکان بەمەبەست لێى چوار پارێزگا بێت، لەکاتێکدا پارێزگاى هەڵەبجە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە وەک پارێزگا هەژمار نەکراوە و ئەوە رووننەکراوەتەوە، کە مەبەستى ئەو ناوچانە سنوورى کارگێڕیى پارێزگایە یان نا.
 
لیستى یەک بەربژێرى
 
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى تایبەتە بە ژمارەى بەربژێرانى لیستەکان.
 
ئەو دادگەیە دوو دەستەواژەى مادەى 22ى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى بە "نادەستوورى" زانیوە، کە بریتین لە "لەسەر ئاستى کوردستان" و ئەوى دیکەیان دەڵێت "نابێت ژمارەى بەربژێرانى لیستێکى هەڵبژاردن لە سێ کەس کەمتر بێت" و کردی بەوە کە هەر لایەنێکى سیاسى لە هەرێمى کوردستان دەتوانێت لیستێکى تایبەتى هەبێت کە رێژەى ژن تێیدا 30% کەمتر نەبێت.
 
ئارام جەمال پێیوایە ئەو دەستەواژەیە بۆ دەرگاکردنەوەیە لەبەردەم لیستى تاکەکە کەسی، کە بەوپێیە یەک بەربژێر دەتوانێت لیستێکى هەبێت و پارتى پێکهاتەکان دەتوانن لەو رێگەیەوە بە بەربژێرێک بەشداربن، بەو مەرجەى رێژەى ژن بپارێزن.
 
بەگوێرەى ئەو تانەیە، دەکرێت لیستێک لە تەنیا یەک بەربژێرى ژن پێکبێت، کە بە تەنیا رێژەى یاسایى ژنى پاراستووە.
 
کارتى بایۆمەترى کۆمیسیۆن سەپێندرا
 
یەکێکى دیکە لە بڕیارەکانى دادگە ئەوەیە مادەى سێى هەموارى ساڵى 2013ى بە نادەستورى زانیوە، کە لە هەموارەکەدا مادەى 17ى یاساى پێشووى هەڵوەشاندووەتەوە. دادگە دەڵێت پێویستە کار بە دەستەواژەیەکى دیکە بکرێت کە هەر هاووڵاتییەک 18 ساڵى تەواو کربێت، کارتى دەنگدانى بدرێتێ. 
 
بەڕێوەبەرى پەیمانگەى کوردى بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە، کە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کار بە کارتى بایۆمەترى دەنگدان بکرێت، کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق پشتى پێدەبەستێت.
 
دەسەڵاتى هەندێک بڕیار لە پەرلەمان وەرگیرانەوە
  
یەکێکى دیکە لەو بڕگانەى کە دادگەى فیداڵى رەتیکردووەتەوە بڕگەى دووى مادەى 56ى یاسای هەڵبژاردن کە تایبەتە بە دەسەڵاتى پەرلەمانى کوردستان بۆ "بڕیاردان لەسەر رێککەوتن و یەکلاکردنەوەى کێشە چارەنووسسازەکانى گەلى کوردستان" و دیاریکردنى پەیوەندى یاسایی لەگەڵ "دەسەڵاتى ناوەندى".
 
وەعد مزوورى، راوێژکارى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت "ئەو تانەیە دەسەڵاتى پەرلەمانى کوردستان کەم دەکاتەوە بەتایبەت لە یەکلاکردنەوەى ئەو پرسانەى چارەنووسسازن بۆ ئایندەى هەرێمى کوردستان".