رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 21ی شوبات، رۆژی زمانی دایکە لە جیهاندا، تۆڕی میدیایی رووداو رەوشی زمانی کوردی و زمانی دایکی لە کوردستان لە دیبەیتێکدا خستە بەرباس، شارەزایەکی زمانی کوردی دەڵێت: ''لە دوای راپەڕینەوە بەگشتی زمانی کوردی لە باشووری کوردستان پاشەکشەی کردووە.''
دیبەیتەکەی رووداو شەوی چوارشەممە، 21-02-2024، رەنج سەنگاوی پێشکێشی کرد. هەریەک د. هۆگر مەحموود، پسپۆڕی زمانی کوردی و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، د. ئەمیر ئەحمەد، پسپۆڕی زمانەوانی، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، د. میکایل بولبول، مامۆستای زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، نووح بازگوور، مامۆستایەکی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، د. رەشاد میران، جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی و حاکم محەممەد جاف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری قسەیان تێدا کرد.
''وەکو پێویست بایەخ بە زمانی کورد نادرێت''
د. هۆگر مەحموود، پسپۆڕی زمانی کوردی و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی لە دیبەیتەکەدا گوتی: ''زمانی کوردی لە دوای راپەڕینەوە بێناز کراوە، چونکە لەپێش راپەڕین ئەوانەی کە کاریان لەسەر زمانەکە دەکرد زۆر رژدتر بوون و گوێیان لێ دەگیرا، بەڵام ئێستا بەرگریکردن لە زمانەکەمان وەکو پێویست نەماوە.''
لە مادەی یەکی دەستووری عێراقیدا هاتووە، زمانی کوردی و عەرەبی هەردووکیان زمانی فەرمین، بەڵام بەپێی بەدواداچوونێکی رەنج سەنگاوی، کە دیبەیتەکەی پێشکێشکرد، لە کۆی 19 ماڵپەڕ و رۆژنامەی ئەلیکترۆنیی فەرمیی سەرۆکایەتیی عێراق، سەرجەم وەزارەتەکان و دادگەی فیدراڵی، مادەی یەکەمی دەستوور لەبارەی زمانەوە پێشێلکراوە و زمانی کوردی وەکو زمانی فەرمی بەکارنەهاتووە.
''نەپاراستنی زمان، کورد لەسەر زەوی دەسڕێتەوە''
د. ئەمیر ئەحمەد، پسپۆڕی زمانەوانی دەڵێت، زمانی کوردی شوناسی نەتەوەی کوردە و لە ئەگەری نەپاراستنی زمانەکەی، نەتەوەی کورد لەسەر زەوی دەسڕدرێتەوە.
د. ئەمیر محەممەد پێیوایە، کاتێک تاکێکی کورد بە کوردی بدوێت، باشتر دەتوانێت بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، داوا لە ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسانی کوردیش دەکات لە بەغدا لە شوێنی کاری خۆیان و پەرلەمان، بە زمانی کوردی قسە بکەن. دەشڵێت: ''باشترە وەرگێڕیان هەبێت، ئەوکات بەهایان زیاتر دەبێت و پەیامی کوردبوونیان باشتر دەگەیێنن.''
ئەو شارەزایەی زمانی کوردی ئەوەشی خستەڕوو، لە باشووری کوردستان بەروارد بە پارچەکانی دیکە، قۆناخێكی باشی زمانەوانی تێپەڕێنداوە و دەڵێت، ''بەڵام پێویستمان بە داڕشتنەوە، گوڵبژێرکردن، رێکخستن و پلاندانانی سیاسەتی زمانەوانی هەیە.''
''نزیکەی 100٪ـی تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان بە کوردی نووسروان''
زۆرجار هاونیشتمانییان رەخنەی ئەوە دەگرن کاتێک دەچنە رێستۆرانتێک یان شوێنێکی گەشتیاری، کارمەندی کوردی لێ نییە، دواتر لە چوارچێوەی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی کوردستاندا کە تایبەت بوون بە گرنگیدان بە زمانی كوردی، سەرجەم هۆتێل و شوێنە گەشتیاری و رێستورانتەكان و شوێنە بازرگانییەكان پابەند كران، بە گۆڕینی تابلۆکانیان بۆ زمانی کوردی، بەڵام تاوەکو ئێستا هەموو شوێن و دووکانەکان پێیەوە پابەند نەبوونە.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆرترین ژمارەی تابلۆکان کە بە زمانی بیانی نووسرابوون لە هەولێر بوون، کە زیاتر لە 60٪ـی دووکان و شوێنە گەشتیارییەکانی دەگرتەوە.
ئەمەل جەلال باسی لەوە کرد، دەستەی گەشتوگوزار بە تەنیا ناتوانێت بڕیارەکە جێبەجێ بکات، بەڵکو ''بەپێی یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2014ـی پەرلەمانی کوردستان کە یاسای زمانە فەرمییەکانە، دەبووایە پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسایی، بەدواداچوونی تەواویان بۆ گۆڕینی تابلۆکان بۆ سەر زمانی کوردی کردبا''.
وەک سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بە پرۆسەی گۆڕینی تابلۆکان کردووە و لێژنەی تایبەتیان پێکهێناوە. گوتیشی: ''ئێستا نزیکەی 100٪ـی لیستی خواردنەکان، تابلۆی شوێنەکان کراونەتە کوردی''.
ئەمەل جەلال ئاماژەی بەوە کرد، ''کێشەکە تەنیا سێکتەری گەشتیاری نییە، بەڵکو دەبووایە وەزارەتەکانی دیکەش هەوڵیان دابا، هەموو وەزارەتەکان کەمتەرخەمن و هۆکارن بۆ ئەوەی نەتوانراوە فەرمانەکە بەشێوەی سەرانسەری جێبەجێ بکرێت''.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئەوەشی خستەڕوو، جگە لە گۆڕینی تابلۆکان بۆ سەر زمانی کوردی، راهێنانیان بە سەرجەم کارمەندە بیانییەکان کردووە و مەرجیان بۆ کارمەندەکان داناوە کە دەبێت فێری زمانی کوردی فێر بن.
''لە باکووری کوردستان ترس لەوە هەیە ناوی کوردی لە منداڵ بنرێت.''
نووح بازگوور، مامۆستایەکی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لەبارەی رەوشی زمانی کوردی دەڵێت: ''ئێستاش کۆنسێرتی کوردی و شانۆی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا قەدەخە دەکرێت، تەنانەت لە پەرلەمانیش ئاخاوتن بە زمانی کوردی قەدەخەیە.''
نووح بازگوور ئاماژەی بەوە کرد، باوکان لە باکووری کوردستان ترسیان لەوە هەیە کە ناوی کوردی لە منداڵەکانیان بنێن. ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی گوتیشی: ''نابێ وەکو کردەوەیەکی سیاسی مامەمەڵە لەگەڵ ئاخاوتن بە زمانی کوردی بکرێت، بەڵکو ئەمە مافێکی رەوای هەر تاکێکی کوردە.''
''تێزی ماستەر و دکتۆراش هەڵەی رێنووسییان تێدایە''
یەکێکی دیکە لە گرفتەکان، کە ئەمڕۆ رووبەڕووی زمانی کوردی بووەتەوە، بابەتی رێنووسە، کە زۆرجار هەڵەی تێدایە، تەنانەت لە نووسینی هەندێک لە نووسەرانیش هەڵەی رێنووس هەیە.
د. رەشاد میران، جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی دەڵێت، ''ئێمە تێزی ماستەر و دکتۆرامان بۆ دێنن کە بە زمانی کوردی نووسراون. بەڵام رەخنەمان لەسەر هەندێکیان هەیە و پڕن لە هەڵەی رێنووسی.''
د. رەشاد میران باسی لەوە کرد، نامەیان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستییەکان ناردووە، ''کە چۆن دەبێت لە ئاستی خوێندنی باڵای زمانی کوردی هەڵەی رێنووسی هەبێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک نەبووە.''
''دوای راپەڕین زمانی کوردی پشتگوێ خراوە''
جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی دەشڵێت، ''بەهۆی ئەوەی کە دوای راپەڕین سەرمەستی دەستکەوتە سیاسییەکان بووین، هەموومان لە پەرەپێدانی زمانی کوردیدا کەمتەرخەم بووینە و ئێستاش بۆمان رێکناخرێتەوە''.
ساڵانە 21ـی شوبات، رۆژی زمانی دایکە لە جیهاندا. بە گوێرەی کۆمەڵەی زمانەوانانی ئەمریکا، 6 هەزار و 900 زمان لە جیهاندا هەن، 106یان زمانی فەرمین. هەر بەگوێرەی هەندێک لە توێژینەوە زانستییەکان کە لەسەر زمان کراون، کوردی هەشتەم دەوڵەمەندترین زمانە لەسەر ئاستی جیهاندا.
زمانی کوردی لە دادگاکاندا
حاکم محەممەد جاف، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری دەڵیت، لە یاسای ژمارە 74ـی ساڵی 1931ـی پاشایەتی کە بە یاسای زمانە خۆجێییەکان ناسراوە، ''زمانی کوردی وەک زمانێکی خۆجێیی ناوی هاتووە و زۆر شتی جوانی تێدابووە، تەنانەت لە زۆربەی شارەکانی کوردستان زمانی فەرمیی دادگەکانیش کوردی بووە.''
وەک حاکم محەممەد جاف ئاماژەی پێکرد، لە ساڵی 1931 زمانی دادگەکان لە رواندز، رانیە، کۆیە، دهۆک، زاخۆ، ئامێدی و کفری کوردی بووە، ''بەڵام بەداخەوە بۆ خۆمان نەمانپاراستووە.''
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری دەڵێت، لە سەردەمی رژێمی رووخێنراوی بەعسدا زۆر دژایەتی زمانی کوردی کراوە و بەپێی یاسای ژمارە 64ـی ساڵی1977 زمانی عەرەبی کراوەتە زمانی فەرمیی خوێندن.
بەپێی یاسای ژمارە 23ـی ساڵی 2007ی پەرلەمانی کوردستان، زمانی کوردی کرایە زمانی فەرمیی دادگەکان، تێیدا هاتووە کە تەنیا لە کاتی زۆر پێویستدا زمانی عەرەبی بەکاربهێنرێت، بەڵام بە گوتەی حاکم محەممەد جاف ''ئێستا زیاتر زمانی عەرەبی بەکاردەهێنرێت و زمانی کوردیش لە کاتی زۆر پێویستدا.''
وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری دەڵێت: ''هەندێک لە پارێزەران بە هەوڵی کەسیی خۆیان، زاراوەی یاساییان داناوە و ئێستاش دادبینییەکان، جگە لە پارێزگای دهۆک هەمووی بە زمانی کوردییە.''
''بەرنامەی خوێندن لە پەیمانگەی دادوەری بە زمانی عەرەبییە''
حاکم محەممەد جاف کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پەیمانگەی دادوەریشە ئاماژەی بەوە کرد، ''تا ئێستا بەرنامەی خوێندن لە پەیمانگەکە بە زمانی عەرەبییە و تەنیا پرسیاری تاقیکردنەوەکان بە کوردی و عەرەبین.''
وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری گوتی، ئێستا لە ئەنجوومەنی دادوەری بڕیار دەرکراوە کە دەبێ زمانی کوردی زمانی فەرمیی دادگەکان بێت، بە بڕیارەکانیشەوە.
لە یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2014ـی پەرلەمانی کوردستاندا مادەیەک هەیە کە باس لەوە دەکات، ''سەرجەم فەرمانبەران و ئەو کەسانەی کە لە کاتی نووسین هەڵەی رێنووسییان هەبێت، سزا دەدرێن، ''بۆ نموونە ئێستا من وەکو حاکم ئەگەر بڕیارەکانم بە کوردی نەنووسم، یاساکە سزام دەدات.''
هەرچەند یاسا لەسەر کەمتەرخەمی و رێنووسی هەڵە، سزای داناوە، بەڵام بەگوتەی دادوەر محەممەد جاف، ''تاوەکو ئێستا یاساکە جێبەجێ نەکراوە و هیچ کەس لەسەر هەڵەی رێنووس سزا نەدراوە''.
وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری گوتی: ''بەپێی یاسا، لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان دادوەر ناچار نییە بە زمانی عەرەبی هاووڵاتییەکی عەرەب دادگایی بکات، بەڵکو پێویستە وەرگێڕێک لە نێوان دادگە و تۆمەتبار هەبێت، بەڵام ئەم یاسایانە لە واقیعدا جێبەجێ نەکراون.''
''زمانی کوردی لە باکووری کوردستان مەسەلەی مان و نەمانە''
د. میکایل بولبول، مامۆستای زمانی کوردی لە باکووری کوردستان پێیوایە، رەوشی زمانی کوردی لە باشوور و باکووری کوردستان جیاوازە و دەشڵێت، ''ئێوە [باشووری کوردستان] بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زمانی کوردی هەوڵدەدەن، بەڵام رەوشی ئێمە مەسەلەی مان و نەمانە.''
د. میکایل بوولبول ئاماژەی بەوە کرد، رەوشی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان گرێدراوی رەوشی سیاسیی وڵاتەکەیە و مەترسیی زۆر گەورە بۆ سەر زمانەکە هەیە.
وەک ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی گوتی: ''90٪ـی منداڵان لە شارە گەورەکانی باکووری کوردستان کوردی نازانن، زمانی کوردی لە باکووری کوردستان نەک پێنج ساڵ یان 10 ساڵ، بەڵکو 120 ساڵە هەوڵی لەنێوبردنی دەدرێت.''
د. میکایل بولبول هۆشداری دەدات، ''ئەگەر ئەم دۆخەی کە لە باکووری کوردستان هەیە هەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، 20 ساڵی دیکە شتێک بە ناوی زمانی کوردی لە وڵاتەکەدا نامێنێت.''
''کوردی زمانی فەرمانڕەوایی بووە''
د. ئەمیر محەممەد باس لە گرنگیی زمانی کوردی لە رابردوودا دەکات و دەڵێت: ''زمانی کوردی لە سەردەمی پاشایەتی مادەکان، ساسانی و ئەشکانییەکاندا، نزیکەی 250 ساڵ زمانی فەرمانڕەوایی و حکومەت بووە.''
ئەو شارەزایەی زمانەوانی ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵ دەبێ لە قۆناخی شەشی بنەڕەتییەوە دەست بە فێربوونی زمانی دووەم بکات: ''بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان زۆر زووتر لەم کاتە فێری زمانی دووەم و سێیەم دەکرێن، کە دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی زمانەکان''