شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی: کۆبوونەوەیەکی ئەرێنیمان کرد


رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە، 22-02-2025، لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کرا. بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکە "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنی راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتی بوو لە؛ تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر".
 
شاندی پارتی، هۆشیار زێباری و شاندی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی "ئەرێنی" بووە و "تێبینیی وەفدی دانوستاندکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا".
 
زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، "سەرنج و تێبینیی وەفدی دانوستاندکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا".