شارەزایان: ئەم شەپۆلەی باران مەترسی وشکەساڵی لە زۆربەی هەرێمی کوردستان رەواندەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی کشتوکاڵ بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو بە گرنگ ناودەبەن و دەڵێن، بەو هۆیەوە مەترسی وشکەساڵی لە زۆربەی ناوچەکان رەویوەتەوە. 
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بارانەی ئەم چەند رۆژە باری، سوودی زۆر باش و گرنگی بۆ گەنم هەیە، بەتایبەت ئەو گەنمەی سەوز بووە. ئەوەشی سەوز نەبووە، بەس نەڕزیبێت، سوودی بۆی دەبێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، وشکەساڵی رەهەندی فراوانی هەیە و ئێستا ناتوانن باس لە هەبوون یان نەمانی تەواوی بکەن؛ گوتیشی: "ئەم شەپۆلە بۆ گەنم زۆر بەسوودە، بەڵام بێگومان ئەم ساڵ بە هیچ شێوەیەک بەرهەمی گەنم ناگاتە ئاستی ساڵی رابردوو".
 
ئەم وەرزەی بارین تاوەکو 20ـی ئەم مانگە لە دهۆک تەنیا 105.6 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 455.6 ملیمەتر باران باریبوو. بە گوتەی ئەحمەد جەمیل، ئەم شەپۆلەی باران سوودی بۆ ئاوی ژێر زەوی و کۆگاکردنی ئاو نابێ.
 
کشتوکاڵی گەرمیان: مەترسی وشکەساڵی رەوییەوە
 
ساڵانە بارانێکی زۆر لە سنووری گەرمیان نابارێت. ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەم مانگەدا دوو جار لە سنوورەکەمان باران باری و ئێستاش شەپۆلی دووەمیان بەردەوامە، ئەمە بووە بە هۆکاری بووژاندنەوەی دانەوێڵە لەم سنوورە".
 
گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان گوتی: "دەتوانم بڵێم ئەم بارانە ترسی وشکەساڵی لەئێستادا رەواندووەتەوە، بەڵام مانگەکانی داهاتووش ماون، بەتایبەت مانگی سێ کە دانەوێڵە پێویستی زۆری بە باران دەبێت".
 
"لە سلێمانی و هەڵەبجە مەترسی وشکەساڵی نییە"
 
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "سنووری سلێمانی بە گشتی دۆخی دانەوێڵە باشە، بەڵام هەڵەبجە لە سلێمانیش باشترە و هیچ مەترسییەک لەسەر گەنم و کشتوکاڵی سنوورەکەمان نییە".
 
هەر ئەمڕۆ جەوهەر حەمەلاو، لێپرسراوی بەشی کەشوهەوا لە بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی سلێمانی بە رووداوی گوت: "کۆی گشتی بارانی ئەم وەرزەی بارین تاوەکو ئەمڕۆ لە سلێمانی 285.5 ملیمەترە، لەکاتێکدا وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 438.1 ملیمەتر بوو".
 
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی دەڵێت: "ئەم شەپۆلەی باران لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان مەترسییەکانی وشکەساڵی بە تەواوی رەواندەوە، چەند ناوچەیەکی دیاریکراو نەبێت".
 
لەبارەی ئەو ناوچانەی هێشتا مەترسیی وشکەساڵییان لەسەر ماوە، شاڵاو هیدایەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەشتی کەندێناوە، قەراج و مەخموور لە پارێزگای هەولێر و چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک کەمترین بارانیان لێ باریوە و هێشتا مەترسییان لەسەرە".
 
یەکێتی جووتیاران: گەنم 60% کەم دەکات
 
گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتیی جووتیارانی ‏كوردستان دەڵێت، ئەم وەرزەی بارین بەراورد بە وەرزی بارینی رابردوو باران کەم باریوە و لە بەشێکی هەرێمی کوردستان دانەوێڵە لە زەوی دێمیدا نەچێندراوە.
 
هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتیی جووتیارانی ‏كوردستان ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "بەگشتی ئەم ساڵ زۆرینەی ئەو زەوییانەی چێندراون زەوی بەرئاون، چونکە لە پاییز و سەرەتای زستاندا بارانی پێویست نەباری و کەمترین جووتیار لە زەوی دێمدا گەنمیان چاند".
 
گوتەبێژی یەکێتی جووتیاران ئاماژەی بەوەشکرد، لە پارێزگای هەولێر دۆخی ناوچە شاخاوییەکان باشە و دەشتی مەخموور و کەندێناوە خراپە؛  گوتیشی: "لە دهۆکیش دەشتی موسڵ کەمترین بارانی لێباریوە".
 
بە گوتەی هەڵکەوت محەممەد، بەهۆی کەمبارانییەوە ئەم ساڵ گەنم بەراورد بە پار زیاتر لە 60% کەم دەکات.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ: هێشتا کاتی باران ماوە و زووە بۆ باسکردنی وشکەساڵی
 
لەبارەی مەترسییەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وشکەساڵی بابەتێکی فراوانە و خوێندنەوەی زۆری دەوێت. ئەم شەپۆلەی بارانبارینیش کاریگەری باشی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی".
 
هیوا عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا لە وەرزی زستانداین و وەرزی هاوینیشمان لەپێشە، بۆیە "پێشبینی دەکەین بڕی پێویست ببارێت و قەرەبووی کەمبارانی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بکاتەوە".