بەهۆی هێرشی گورگەوە لە ورمێ 4 کەس بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

گورگ هێرشی کردە سەر گوندی گوگرد لە ناحیەی کۆتول لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چوار کەس بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ شەممە 22ی شوباتی 2025 سیروس شەمسی نیا، بەڕێوەبەری ناحیەی کۆتول سەر بە شاری خۆی رایگەیاند، "دوێنێ رەوە گورگ دوو جار هێرشی کردە سەر گوندی گوگرد؛ جارێک سێ کەس و جاری دووەمیش کەسێکیان بریندار کرد."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی کۆتول گوتی، " ئەو چوار کەسەی بریندار بوون، دەست، دەموچاو، سەر، باڵ و ملیان بریندارە و برینی دوو کەسیان قورسە."
 
سیروس شەمسی نیا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو بریندارەکان لە نەخۆشخانەن و چارەسەر وەردەگرن." گوتیشی، "گورگەکان لە گوندەکانی دەوروبەریش بینراون."
 
13ی شوباتی 2025 گورگ هێرشی کردە سەر گوندی دەشوان لە پارێزگای ورمێ و لە ئەنجامدا سێ کەس بریندار بوون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی شاری شنۆ ئاگاداری خەڵکی ناوچەکەی کردووەتەوە کە گورگەکان بۆ دەستکەوتنی خواردن لە شوێنی نیشتەجێبوون نزیک بوونەتەوە و پێویستە خەڵک  ئاگادار بن.