پڵنگێک دەچێتە گوندێکی ئیلام و ژمارەیەک مەڕ دەخنکێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پڵنگێک لە گوندێکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان چووە نێو گوندێک و چەند سەرێک مەڕی خنکاند و بریندار کرد. بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە دەڵێت، دانیشتووانی گوندەکە سەلامەتن.
 
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی هەینی 21-02-2025 لە گوندی فەرهادئاوای سەر بە شاری دەڕەشاری پارێزگای ئیلام روویدا.
 
کەرەم حوسێنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی دەڕەشار گوتی، پڵنگەکە چوار سەر مەڕی خنکاندووە و پێنجی دیکەشی بە سەختی بریندار کردووە.
 
کەرەم حوسێنی باس لەوە دەکات، لە ئەنجامی هێرشی پڵنگەکە کەس بریندار نەبووە.
 
دەڕەشار دەکەوێتە داوێنێ چیاکانی زاگرۆس و نزیکە لە دارستان، بۆیە زۆرجار خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی گوندنشینانی ناوچەکە، ورچ، پڵنگ، گورگ و ئاژەڵی دیکەی هاوشێوە دەبینن.
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پڵنگ یەکێک لەو ئاژەڵانەیە کە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە، بۆیە کاتێک هێرش دەکاتە سەر رانەمەڕی گوندنشینان، پەلاماردانی رێگەپێدراو نییە، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگە قەرەبوو دەکرێنەوە.