کێشەی "دەشتی بەهەشت"؛ 150 خێزانی ئاوارە و کەمدەرامەت مەترسیی دەربەدەربوونیان لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 150 خێزانی ئاوارە و کەمدەرامەت لە پڕۆژەی "دەشتی بەهەشت" لە سنووری هەولێر، کە 8 ساڵە لەوێ نیشتەجێن، ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت خانووەکانیان چۆڵ بکەن. بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزانیش دەڵێت، "پڕۆژەکە دراوەتە وەبەرهێنەرێکی نوێ و دەبێت بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە."
 
مەریەم، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی پڕۆژەی "دەشتی بەهەشت" بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، چارەنووسی 100 بۆ 150 خێزان لەو پڕۆژەیە نادیارە. ئەو گوتی، "بەشێک لەم خێزانانە ئاوارەی کەرکووکن و دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە هاتوونەتە ئێرە، بەشێکی دیکەیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و خێزانە کەمدەرامەتەکانی هەولێر و سلێمانین، کە هیچ شوێنێکیان نییە تێیدا بژین."
 
ئەو خێزانانە لەو خانووە تەواونەکراوانەدا نیشتەجێن کە ساڵانێکە بەهۆی راکردنی وەبەرهێنەری پڕۆژەکەوە بە نیوەچڵی مابوونەوە. مەریەم ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی دارایی ئەو خێزانانە زۆر خراپە و ئێستا لەلایەن موختار و هێزە ئەمنییەکانەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە دەبێت خانووەکان چۆڵ بکەن.
 
سائیب حاجی هاروون، بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزان، سەبارەت بەم کێشەیە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە موڵکی حکومەت نییە، بەڵکو خانووی ئەو هاووڵاتییانەیە کە کاتی خۆی پارەیان تێدا خەرج کردووە و بەهۆی راکردنی وەبەرهێنەرەکەوە مافەکانیان فەوتاوە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەکە گوتی، "ئێستا دەستەی وەبەرهێنان پڕۆژەکەی داوەتە وەبەرهێنەرێکی نوێ بۆ ئەوەی خانووەکان تەواو بکات و بیانداتەوە بە خاوەنە رەسەنەکانیان، چونکە ئەو هاووڵاتییانە ساڵانێکی زۆرە زەرەرمەند بوون و چاوەڕێی خانووەکانیان دەکەن."
 
سەبارەت بە کاتی دەرکردنی ئەو خێزانانە، سائیب حاجی هاروون گوتی، "بڕیاری چۆڵکردنی خانووەکان هاتووە، بەڵام هێشتا وادەیەکی دیاریکراو بۆ چۆڵکردنیان بەزۆر دەستنیشان نەکراوە."
 
پڕۆژەی "دەشتی بەهەشت" یەکێکە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سنووری پارێزگای هەولێر، کە ساڵانێکی زۆرە کێشەی یاسایی و کارگێڕی تێدایە و بەشێکی زۆری خانووەکانی بە نیوەچڵی جێهێڵدراون.