ژینگەی هەولێر مەرجی بەکارهێنانی ئاو بۆ کارگەکانی هاڕینی بەرد دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی سەر رێگەی مەخموور لە هەولێر بەهۆی دووکەڵ و تۆزی کارگەکانی هاڕینی بەرد (کەسارە) بێزارن و داوای گواستنەوەیان دەکەن. بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێریش دەڵێت، بەکارهێنانی ئاویان لە کاتی هاڕیندا کردووەتە مەرج و داوای گواستنەوەی کارگەکانیشیان بۆ دەرەوەی شار کردووە.
بڵباس محەممەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی سەرکارێزە لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دووکەڵ و خۆڵی کارگەکانی هاڕینی بەرد لەسەر رێگەی مەخموور ژیانی لێ تاڵ کردووین. داواکارین لە حکومەت ئەو کارگانە بۆ دەرەوەی هەولێر بگوازێتەوە، چونکە سەرەڕای مەرجەکانی ژینگەش، هێشتا ژوورەکانمان پڕن لە تۆز و خۆڵ."
تەنیا گەڕەکی سەرکارێز نییە، بەڵکو دانیشتووانی گەڕەکەکانی قەتەوی و مامزاواش هەمان سکاڵایان هەیە و دەڵێن ژینگەی ناوچەکەیان بە تەواوی پیس بووە.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە ئاگاداری ئەو کێشەیەین، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت کە زۆریی ئەو تۆز و خۆڵە تەنیا هی کارگەکان نییە، بەڵکو خراپیی رێگەی هەولێر - مەخمووریش بەشێکە لە هۆکارەکە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، لەو ناوچەیەدا نزیکەی 51 کارگەی هاڕینی بەرد (کەسارە) هەن. هیرانی گوتی: "بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، مەرجمان داناوە کە دەبێت لە کاتی هاڕینی بەردەکاندا ئاو بەکاربهێنرێت. تیمەکانمان بەردەوام چاودێرییان دەکەن و هەر کارگەیەک سەرپێچی بکات، 10 رۆژ مۆڵەتی دەدەینێ بۆ چاککردنی، ئەگەر نا رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە."
سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی ئەو کارگانە بۆ شوێنێکی دیکە، دڵشاد هیرانی گوتی: "ئەم کارگانە لە ساڵانی حەفتاکانەوە لەوێ دانراون کە ئەو کاتە ناوچەکە چۆڵ بووە. ئێمە نووسراوی فەرمیمان کردووە بۆ گواستنەوەیان و خاوەن کارگەکانیش لارییان نییە، بەڵام چاوەڕێی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانین بۆ ئەوەی زەوییان لە شوێنێکی دیکە بۆ دابین بکەن."
بەپێی ستانداردە ژینگەییەکان، پێویستە ئەم جۆرە کارگانە لانیکەم 2 بۆ 3 کیلۆمەتر لە ناوچەی نیشتەجێبوونەوە دوور بن. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر داواش لە هاونیشتمانییان دەکات هەر سکاڵایەکیان هەبێت، پەیوەندییان پێوە بکەن یان سەردانی فەرمانگەکەیان بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوونی خێرای بۆ بکرێت.