ئالیک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دوو هێندە و زیاتر گرانبووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پاڵپشتی لە ئاژەڵدارانی ئێران، ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک گۆشتی سووری تێکەڵەی بە ملیۆنێک و 200 هەزار تمەن و کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی بە ملیۆنێک و 600 هەزار تمەن راگەیاند.لە بەرامبەردا ئاژەڵداران نیگەرانن لە دۆخەکە و دەڵێن، لەگەڵ گرانبوونی نرخی گۆشت، نرخی ئالیکیش گران بووە و قازانجێکی ئەوتۆ ناکەن.
حوسێن رەحمانی، ئاژەڵدارە و دەڵێت، "نایەژم خراوە، باش بووە. بەڵام تێچووەکەی زۆر بووە. جۆ کیلۆیەکی بە 70 هەزارە. ئێستا مەڕ جووتێ 80 ملیۆنە بۆ کەس ناسێندرێت، کەس ناوێرێت بیسێنێت، لە ئاخرەکەی دەترسن."
پێشتر ئاژەڵداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرتر بە شێوەی نەریتی بوو و گەرمیان و کوێستانیان دەکرد، ئێستا بەشێکی زۆر لە خەڵک ئاژەڵ دادەبەستن.
بۆ دابەستەکردنیش پێویستە بەردەوام ئالیک بە ئاژەڵەکان بدرێت، تاوەکو بگەنە فرۆش.
سیراون قادرئەمینی، ئاژەڵدارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "ئێستا هەر ئاژەڵێک لە پەرواردا، کیلۆیەک جۆ و وێنجەی دەوێ. بۆ مانگێک 60 کیلۆ جۆ و 60 کیلۆ وێنجە پێویستە، کە نرخەکەی دەکاتە رۆژێ 100 هەزار تمەن، بۆ مانگێک دەکاتە سێ ملیۆن تمەن، لە مانگێکدا هەر ئاژەڵێک بە لانی زۆر 7 کیلۆ زیاد دەکات."
ساڵی پار تۆنێک جۆ 18 ملیۆن تمەن بوو، ئێستا بووەتە 60 ملیۆن تمەن. تۆنێک وێنجە 19 ملیۆن بوو، ئێستا بە 40 ملیۆن تمەنە.
ئەم گرانبوونە کاریگەریی کردووەتە سەر قەسابەکانیش.
ئەوان باس لە دابەزینی بەرچاوی فرۆشیان دەکەن و دەڵێن، گرانبوونی نرخی گۆشت بازاڕەکەیانی لاواز کردووە و هەندێکیش دووکانەکانیان داخستووە.
پێشەوا نیکپەی، قەسابە و دەڵێت، "پێشتر 100 کیلۆ گۆشتمان دەفرۆشت، ئێستا ئەگەر بتوانین 20 کیلۆ بفرۆشین. ئەگەر 20 کیلۆش بفرۆشین زۆر چاکە."
عەدنان پەروازە، قەسابێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "قەسابەکانیش قسەمان کردووە بەیەک، ئەوانیش خەیاڵیان هەیە کۆی بکەنەوە، ناچارین کاکە."
زەرەرمەندی سەرەکی گرانبوونی گۆشت و خواردەمەنییەکان، خەڵکن. بە گوێرەی بەڕێوەبەری خۆراکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، گرانبوونی مادە خۆراکییەکان، سەلامەتی کۆمەڵگەی خستووەتە مەترسییەوە.