دۆسیەی جووتیارە کوردەکە هێشتا نەگواستراوەتەوە کەرکووک

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆسیەی محەممەد ئەمین، ئەو جووتیارە کوردەی گوندی شەناغ کە ساڵی رابردوو گرتە ڤیدیۆییەکەی لەکاتی راکێشانی ملپێچەکەی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بڕیار بوو لە دادگەی دووبزەوە بۆ دادگەی تاوانەکانی کەرکووک بگوازرێتەوە، بەڵام جووتیارەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا نەگوازراوەتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026 محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، کە هاوکات ئەو جووتیارەیە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ لە دادگە ئامادە بووم، بەڵام پێیان راگەیاندم، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر گواستنەوەی دۆسیەکە نەدراوە و چاوەڕێی وەڵامن."
 
بەگوێرەی گوتەی ئەو جووتیارە، ئێستا دوو سکاڵای یاسایی لە دژی هەیە، یەکێکیان سکاڵای ئەو سەربازەیە، کە لە گوندی شەناغە هێرشی کردە سەری و ملپێچەکەی ملی راکێشا. دووەمیشیان، سکاڵای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکە.
 
لە ئاداری 2025دا، محەممەد ئەمین بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرابوو، دوای ئەوەی خۆی و سەربازەکە سکاڵایان لەسەر یەکدی تۆمار کردبوو.
 
ریشەی ئەم کێشەیە بۆ پرسی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری کەرکووک دەگەڕێتەوە. هەرچەندە لە 21-01-2025 پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیانی پەسند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکارەکانی جێبەجێکردنی دەستیان پێنەکردووە. سوپای عێراقیش ئەمەی کردووەتە پاساو بۆ رێگری لە جووتیارانی کورد لە کێڵانی زەوییەکانیان.
 
ئەم یاسایە پەیوەندیی بە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد و تورکمانەوە هەیە لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا بەگوێرەی بڕیارەکانی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش" لێیان داگیرکرابوو.