دەستەبەری کار بۆ خاوەنکاران: زانیاریی ساڵانە پێشکێش نەکەن رێکار دەگرینەبەر
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتی داوا لە خاوەنکاران دەکات، زانیاریی ساڵانە لەبارەی کارمەند و کرێکارەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمار بکەن، بە پێچەوانەوە لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکەن. بەڕێوەبەرەکەیان دەڵێت، دەستەبەرکردنی کرێکاران بۆ مووچەی خانەنشینبوونیانە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاگاداری سەرجەم خاوەنکاران دەکاتەوە، "پڕۆسەی پێشکێشکردنی زانیاریی ساڵانە، بۆ ئەم ساڵ بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، هەر خاوەنکارێک زانیارییەکانی پێشکێش نەکات رووبەڕووی سزای دواکەوتن و رێکاری یاسایی دەبێتەوە."
دوایین کاتی بەڕێوەبەراتەتییەکە بۆ خاوەنکاران کۆتایی ئەم مانگەیە.
بەپێی مادەی 35ب، لە یاسای خانهنشینی و دهستەبهری كۆمهڵایهتیی كرێكاران ژمارە (39ی ساڵی 1971)ی ههمواركراو، پێویستە هەموو خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیایەک ساڵانە زانیارییەکانی نوێ بکاتەوە.
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەرى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار کرێکار خانەنشین کراون و مانگانە مووچەی خۆیان لە سندووقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران وەردەگرن، کە بە هۆکاری جیاوازی وەک (خانەنشین بەپێی خزمەت، مردنی کرێکار، پێکانی کار...) خانەنشین کراون."
کەمترین بڕی مووچەکەی کرێکاری خانەنشینکراو 500 هەزار دینارە و زۆرترین دوو ملیۆن دینارە. مەریوان بەگۆک گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ ژمارەی کرێکاری دەستەبەرکراو گەیشتووەتە زیاتر لە 207 هەزار کرێکار."
هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ دەستەبەرکردنی کرێکاران چڕکراونەتەوە. بەڕێوەبەرى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتی گوتی، "پێش کابینەی نۆ 28 هەزار پڕۆژە کرێکارەکانیان دەستەبەر کرابوون، ئێستا زیاتر لە 57 هەزار پڕۆژە دەستەبەر کراون."
خانەنشینیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی نوێیە، ژمارەیان لە چوار پارێزگادا هەزار کرێکارە و مانگانە مووچە وەردەگرن.
بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەو 207 هەزار کرێکارەی دەستبەرییان بۆکراوە و لە داهاتوودا هەموویان دەتوانن خانەنشین ببن مووچەی خانەنشینی وەربگرن.
بە گوتەی مەریوان بەگۆک، هەموو ئەوانەی دەستبەریان کردووە بە تەواوی وەکو کەرتی گشتیی خانەنشین دەکرێن، "بەڵام جیاوازی لە ساڵانی خزمەت و تەمەنیان هەیە."
بەگوێرەی یاسا کرێکاری پیاو کە تەمەنی زیاتر لە 60 ساڵ و ئافرەتیش لە 55 ساڵ و 20 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت داوای خانەنشینبوون بکات.
وەکو مەریوان بەگۆک باسی دەکات، هەر کرێکارێک دەستبەری کاری بۆ کرابێ و بەهۆی رووداوێکەوە گیان لەدەستبدات، مووچەی خانەنشینییەکەی بە خێزانەکەی دەدرێت.
هەر کرێکار یان کارمەندێک کە دەستەبەر دەکرێت، 5%ـی مووچەکەی خۆی و 12%ـی لەلایە شوێن کارەکەیەوە دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کار و کاروباری کۆمەڵاتی و لە داهاتوودا بەگوێرەی ئەو بڕە مووچەی خانەنشینی بۆ تەرخان دەکرێت.