هاتووچۆی هەولێر: هیچ کامێرایەکی تایبەت بە نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل دانەنراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر هەموو ئەو هەواڵ و ڤیدیۆیانە رەتدەکاتەوە، کە باس لەوە دەکەن کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچیی هەڵگرتنی مۆبایل و نەبەستی پشتێنی سەلامەتی تۆمار دەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، گوایە کامێرایەک لە یەکێک لە شەقامەکانی هەولێر هەڵواسراوە و لە چرکەیەدا چەند وێنەیەک دەگرێت و دەگوترێت، سەرپێچیی هەڵگرتنی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی لە کاتی شۆفێریدا تۆمار دەکات.
عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو ئەوانە رەتدەکەینەوە، هەر کامێرایەک بۆ هەر مەبەستێک دابنێین بە ئاشکرا دایدەنێین و 10 رۆژ پێش کارابوونی شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە."
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتیشی، "هیچ کامێرایەکی شاراوەمان نییە، رۆژانە لە رێگەی رادیۆی هاتووچۆوە شوێنی دانانی کامێرا گەڕۆکەکان بڵاو دەکەینەوە. تاوەکو ئەمڕۆش کامێرای تایبەتمان نییە بەوەی سەرپێچی بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی بە تەنیا تۆمار بکات."
لە شاری هەولێر سێ جۆر کامێرای سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی هەن، بەشێکیان جێگرن و یەک خاڵ تۆمار دەکەن، بەشێک خاڵ بۆ خاڵ و بەشێکیشیان گەڕۆکن و کارمەندانی هاتووچۆ هەر جارە و لە شەقامێک دایدەنێن.