کیلۆیەک هەڵووژە لە سلێمانی بە 125 دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
وەکو دەستپێکی بەرهەمی بەهارە، کەنگر کەوتووەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها هەڵووژە لە تورکیاوە هاوردە کراوە و کیلۆی بە 125 دۆلار دەفرۆشرێت.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرهەمی بەهارە تەنیا کەنگر لە عەلوە هەیە و کیلۆی بە 3 هەزار دینارە".
لە بازاڕی سلێمانی، هەڵووژە کیلۆی بە 125 دۆلار دەفرۆشرێت. سەروەر عەلی گوتی: "کەسێک 20 کیلۆی لە تورکیاوە هێناوە و تێچووی هاوردەکەی زۆر بووە، ئەگینا لە تورکیاش هێندە گران نییە".
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، بە رووداوی گوت: "بەرهەمی بەهارەی نێوخۆ پێگەییوە، بەڵام هێندە کەمە ناهێندرێتە عەلوە و راستەوخۆ دەبرێتە بازاڕەکان بۆ فرۆشتن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەڵووژەی خۆماڵی تاوەکو ئێستا پێنەگەیشتووە، ئەوەی لە بازاڕەکاندا هەیە لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت.