پاشیڤی رووداو؛ خانمێکی خاوەنکار هەلیکار بۆ چەندین ئافرەت دەڕەخسێنێت


رووداو-هەولێر

ئەڵقەی پێنجەمی بەرنامەی پاشیڤی رووداو بە بەشداریی خاوەنکارێک، ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی کوردستان و سروودبێژانی ئایینی بەڕێوەچوو. هەروەها جارێکی دیکە بۆ وەرگرتنی خەڵات، تیروپشک بۆ ناوی ئەو کەسانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتیان بۆ پۆستەکانی رووداو کردووە.

لە ''پاشیڤی رووداو''ـی یەکشەممە 22-02-2026ـدا، لەلایەن محەممەد شێخ فاتیح و سەمیرا کارزان، پێشکێشکارانی بەرنامەکە، میوانداری لە خەرمان ئەنوەر، کە خاوەنی ئارایشگای تایبەت بە خانمانی باڵاپۆشە.
 
خەرمان ئەنوەر باسی لە بزنسەکەی خۆی کرد و رایگەیاند، سەرجەم کارمەندانی کوردن و ''هەمووکات حەزم کردووە بۆ کچانی کورد دەرفەتی کار بڕەخسێنم، بۆیە ئەو کچانەی کە بۆ کارکردن هاتوونەتە لام، ئەگەر باشیش نەبووبن، فێرم کردوون و مووچەیەکی باشیشم پێداون''.
 
وەک ئەو خاوەنکارە دەڵێت، نزیکەی 13 ساڵە دەستی بە پیشەکەی کردووە و گوتی ''یەکەم کەس بووم کە لە کوردستان هۆڵی جوانکاریم تایبەت بە خانمانی باڵاپۆش کردەوە، بەر لە ئێمە بۆشاییەکی زۆر لەو بوارەدا هەبوو. ئێستا شوێنی ئێمە تەنیا بۆ ئافرەتانی باڵاپۆشە.''
 
بەگوتەی خەرمان ئەنوەر، جیاوازیی زۆر لە میکیاژی بووکی باڵاپۆش و بووکی ئاساییدا هەیە و دەڵێت: ''باڵاپۆشان زیاتر میکیاژ و ناسک و ئاساییان پێویستە.''
 
''بۆ پاراستنی پێست ئاوی زۆر بخۆنەوە''
 
ئەو خاوەنکارە باسی لە چۆنیێتیی پاراستنی پێست کرد و گوتی: ''ئەوەی کە زۆر گرنگە بۆ خانمان خواردنەوەی ئاوە. بۆ پاراستنی پێست پێویستە رۆژانە ئاوێکی زۆر بخورێتەوە.''
 
خەرمان ئەنوەر ئاماژەی بەوەش کرد، شەوانە بەر لە خەوتن پێویستە شێدارکەرەوە بۆ پێست بەکاربهێنرێت، ''چونکە ئەگەر کێشەی پێستت هەبێ، تەنیا بە مکیاج چارەسەر نابێ.''
 
پیشەسازیی جوانکاری لە جیهان گرنگییەکی تایبەتی هەیە کە هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە. ئەو خاوەنکارە پێیوایە، بەشی بازرگانیی پیشەکە بەسەر بەشی هونەرییەکەیدا زاڵ بووە و دەڵێت: ''زۆر جار کەسانێک کە شارەزا نین، دێنە نێو بوارەکە، لەکاتێکدا سەرکەوتن لە جوانکاری و مکیاژدا پەیوەندی بە لێهاتووییەوە هەیە''.
 
بەگوتەی خەرمان ئەنوەر لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر هۆڵی جوانکاریی ژنان هەن کە لێهاتوویی پێویستییان لەو بوارەدا نییە و دوای ماوەیەک بەهۆی نەبوونی خواست لەسەر کارەکەیان، ناچار بە داخستنی هۆڵەکە دەبن.
 
''ژنان تووشی رێگریی کۆمەڵایەتی دەبن''
 
ئەو خاوەنکارە باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم کارکردنی کچان کرد و گوتی، ژمارەیەک لە کچان بۆ دەستپێکردنی کار و بزنسی خۆیان، تووشی رێگریی کۆمەڵایەتی دەبنەوە.
 
خەرمان ئەنوەر پێشنیاز دەکات کە ئافرەتان بۆ دەستپێکردنی کار سەرەتا بیرۆکەیەکی تایبەتیان هەبێ، ''متمانەیان بە خۆیان هەبێ و هەوڵی زۆر بدەن بۆ ئەوەی تێیدا سەرکەوتوو بن.''

 

 
ئەو خاوەنکارە گوتیشی: ''لە کۆمەڵگەی کوردەواریی خۆماندا، گرنگە ئافرەتان پشتیوانیی باوک، برا و خێزانیان بۆ دەستپێکردنی هەر بزنسێکی تایبەت بە خۆیان هەبێ.''
 
''شەریعەت و تەریقەت پێکەوە دەبنە حەقیقەت''
 
هاوکات لەگەڵ ئەوەی دوێنێ شەممە رۆژی زمانی دایک بوو، لە بەرنامەکەدا بە خوێندنەوەی چەند هۆنراوەیەک لە قانع، پیرەمێرد و خەیام، باسی هەڵبەست و زمانی کوردیش کرا.
 
لە بەشێکی دیکەی پاشیڤی رووداودا، چەندین سروودی ئایینی لەلایەن سەید زانا و شێخ نیاز، دوو کەسایەتیی ئایینییەوە پێشکێشکران.
 
دواتر شێخ نیاز باسی لە جیهانی تەریقەت و زیکر کرد و گوتی، ''باشترە شەریعەت و تەریقەت پێکەوە بن، ئەوکات مرۆڤ دەگاتە حەقیقەت.''
 
هەروەها کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی کوردستان لەم ئەڵقەیەی پاشیڤی رووداودا بەشدار بوون. 
 
باوەڕ عومەر، یەکێک لەو خوێندکارانە کە لە بەشی مارکێتینگدا دەخوێنێت ئاماژەی بەوە کرد: ''پێشتر لە کوردستان هیچ شتێکمان نەبوو بە ناوی مارکێتینگ و کۆمپانیاکان نەیاندەتوانی بازاڕ بۆ کاڵاکانیان بدۆزنەوە، بەڵام چەند ساڵێکە مارکێتینگێکی باش هەیە''.
 
باوەڕ عومەر وەک نموونەیەک بۆ پەرەپێدان بە مارکێتینگ دەڵێت: ''هەندێک کەس کاتژمێر لە دەستی راست دەکەن، دەتوانین کاتژمێرێک دروست بکەین کە بۆ دەستی راست گونجاو بێت و ئەو کات بەو کەسانە بناسێنرێت کە خوازیاری ئەو جۆرە کاتژمێرەن. بێگومان دەکرێ بازاڕی تایبەتیشی بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە 80٪ـی زانستەکە ئەوەیە کە چۆن بەرامبەرەکەت رازی دەکەیت کاڵاکەی تۆ بکڕێت.''
 
براوەی خەڵاتی پاشیڤی رووداو کێ بوو؟
 
لە پاشیڤی رووداو کە کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی پێشکێش دەکرێ، خەڵات بەو کەسانە دەدرێ کە زۆرترین جار لە پۆستەکانی رووداو دەنووسن: "پاشیڤی رووداو".
 
لە کۆتایی ئەم ئەڵقەیەشدا تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە زۆرترین کۆمێنتیان بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو و خەڵاتەکە کە لیرەیەکی زێڕ بوو، بۆ هاونیشتمانییەک بە ناوی بیلال بەکر دەرچوو.