پارێزگاری کەرکووک: سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆز نامێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری کەرکووک لەبارەی گرفتی ئەو خانووانەی گەڕەکی نەورۆز کە سوپای عێراق خێزانێکی کوردی لێ دەرکردن دەڵێت، خێزانەکە گەڕاوەتەوە نێو ماڵەکەی خۆی و سوپای عێراقیش بە تەواوی لە گەڕەکەکە دەکشێتەوە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 22-02-2026، سوپای عێراق لە کەرکووک هەڵیکوتایە سەر ماڵی هاونیشتمانییەک لە گەڕەکی نەورۆز و خێزانەکە لە ماڵەکەی خۆیان دەرکران. رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە هاتووەتە سەر هێڵ و سەردانی گەڕەکەکەی کرد.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رێبوار تەها رایگەیاند، "لە ئیدارەی پێشوو 5 خێزان لە ماڵەکانیان دەرکران و سوپای عێراق چووە نێویان. ئێستاش چەند رۆژێکە ژمارەیەک ئەفسەری سوپا چاویان لەسەر ئەم خانووانەیە و خێزانێکیان دەرکردووە.''
 
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بە چۆنێتیی چارەسەرکردنی گرفتەکە کرد و گوتی، ''ئێستا من هاتمە ئێرە، ماڵەکەم هێناوەتەوە نێو خانووەکە و کلیلی خانووەکەش بە دەستی خۆیانەوەیە.''
 
 
رێبوار تەها باسی لەوەش کرد، رێککەوتن کراوە کە سوپای عێراق سەرجەم خانووەکان چۆڵ بکات و بە تەواوی لە گەڕەکی نەورۆز بکشێتەوە، بۆئەوەی خەڵک بگەڕێنەوە نێویان، ''تەنیا دوو خانوو کێشەیان لەسەر دەمێنێت کە ئەوانیش من خۆم وەک پارێزگار چارەی دەکەم.''
 
خانووەکان تاپۆ نین و موڵکدارییەکەی هی دەوڵەتە، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە 2003، خەڵک چوونەتە نێویان. پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، ''ئێمە بە شێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین وەک ئەوەی موڵکی خۆیان بێت. هەر ئەفسەرێک کردەوەی خراپی لەگەڵ خەڵک هەبووبێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکدەهێندرێت.''
 
 
رێبوار تەها جەختی لەوە کردەوە، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق لەسەر ئەوە رێککەوتوون ئیدارەی خانووەکان لای دیوانی پارێزگا بمێنێتەوە، خاوەن خانووەکان بچنەوە سەر ماڵەکانیان و هیچ هێزێکی سەر بە سوپاکەش لە گەڕەکی نەورۆز نەمێنێت.
 
سوپای عێراق ئەو خانووانەی گەڕەکەکە بە موڵکی خۆی دەزانێت، لە کاتێکدا پێشووتر ئەو خانووانە کوردی تێدابوون. کێشەی نێوان خاوەنی ئەو خانووانە و سوپا لە دادگەیە و تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە.