لە هەولێر باوکێک پاش 30 ساڵ بە منداڵێکی شاد دەبێتەوە

رووداو - هەولێر 

لە هەولێر باوکێک پاش 30 ساڵ بە منداڵێکی شاد دەبێتەوە و دەڵێت، هەرچی لە دەستم بێت بۆ قەرەبووی دابڕان لە کچەکانم دەیکەم.


خۆشترین ساتی ژیانی ئەو پیاوە بەتەمەنە ئەم ساتەیە کە بۆ یەکەمجار بەدووکچکەی شادبووەتەوە، ئەو 30 ساڵە نەیبینیوون و لێیان دابڕاوە. یەکێک لە کچەکانی ئێستا لە لایەتی و ئەوەی دیکەشیان بەمزووانە دەگاتە لای.

مستەفا، خەڵکی رانیەیە و لەساڵی 1973 لە حاجی ئۆمەران چێشت لێنەری مەلا مستەفای بارزانی بووە، لەگەڵ نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی ئێران بووە. 

لەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی ئێرانیدا کردووە و دوای ئەوەی دوو منداڵیان دەبێت لێکجیادەبنەوە، مستەفاش دەگڕێتەوە باشووری کوردستان، ئیدی لەو کاتەوە نەتوانیویەتی کچەکانی ببینێتەوە و نە پەیوەندیان پێوە بکات.

تاکە یادگارییەکی مستەفا کە لای کچەکانی مابێتەوە وێنەیەکی خۆی بووە، لەماوەی 30 ساڵدا چەندین هەوڵی گەڕانی باوک و کچەکانی بۆ یەکدی بێ سوود بووە.

سەعیدە، مانگێک لە هەولێر بەدوای باوکیدا گەڕاوە، بەڵام نەیتوانیوە بیدۆزێتەوە، چونکە باوکی لەبەر هۆکاری سیاسیی لە ئێران ناوێکی دیکە و لە عێراقیش ناوێکی دیکەی هەبووە.

سووتانی پێیەکانی سەعیدە لە هەولێر و گەڕانەوەی بۆ لای هاوڕێیەکی لە شارۆچەکەی قەڵادزێ و بیبنی هاوڕێیەکی باوکی بەڕێکەوت هۆکاری دۆزینەوەی باوکی بووە.


داڕشتنەوە: راوچی حەسەن