دانیشتووانی کۆمەڵگەی سێبیران لە نزیک هەولێر کەرەنتین کران
رووداو - هەولێر
تووشبوویەکی کۆرۆنا لە کۆمەڵگەی سێبیران تۆمار کرا کە لە 35 رۆژ لەمەوپێش لە ئێران گەڕاوەتەوە و دەگوترێت لەگەڵ دەیان کەس بەرکەوتنی هەبووە و هەر بۆیە پێنج هەزار و 300 کەس لەنێو ماڵەکانیان بۆ 14 رۆژ کەرەنتین کراون.
تیمی تۆڕی میدیایی رووداو لە دووریی دوو کیلۆمەترەوە کارەکانی خۆیان کرد، چونکە هیچ کەسێک رێگەی پێنادرێت بچێتە نێو کۆمەڵگەکە یان لێوەی دەربچێت. کەسوکار و هاورێکانی تووشبووەکە بۆ پشکنین بردران.
یەکێک لە هاوڕێکانی توشبووەکە کە بەریەککەوتنی لەگەڵ هەبووە، خۆی چوو تاوەکو تیمە تەندروستییەکان پشکنینی بۆ بکەن.
سۆران هەرکی، هاوڕێی تووشبووەکەی کۆمەڵگەی سێبیرانە و دەڵێت، "تووشبووەکە هاوڕێیەکی نزیکی خۆمە و رۆژانە پێکەوە لەگەڵ چەندین هاوڕێی دیکەدا دەچووینە دەرەوە. دەبێت هەموومان رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەین و ئێستایش چاوەڕێی ئەوەم بچم پشکنین بکەم".
تووشبوەکەی سێبیران کە 54ەمین تووشبووی هەرێمی کوردستانە، لە 16-02-2020 لە ئێران گەڕاوەتەوە. خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، چەند رۆژێک پێش ئێستا بەهۆی تا و هەناسەتەنگییەوە پشکنینی بۆ کراوە و نەخۆشییەکەی دەرکەوتووە.
کۆمەڵگەکە لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە کۆنترۆڵکراوە و شەقامەکانی دژەڤایرۆسیان پێدا رشێنراوە.
کۆمەڵگەی سێبیران بە دووریی نۆ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای هەولێر و سەر بە خەباتە. بەهۆی بچووکیی کۆمەڵگاکە و پەیوەندیی پتەوی کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵگەکە دەخرێتە ژێر پشکنینەوە.
تۆڵە مەهدی خۆشناو، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پشکنینی هەڕەمەکی بۆ کۆمەڵگەکە دەکەین بۆ ئەوانەی نزیکی تووشىووەکە بوون و ئەوانەیشی کە نزیکی نەبوون. لە هەموو گەڕەکەکان و شوێنی جیاواز نموونە وەردەگیردرێت".
زیاتر لە هەفتەیەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاندووە، رۆژانە بەهێزی زیاترەوە هەوڵی جێبەجێکردنی قەدەخەکە دەدات، بەڵام هێشتاش کەسانێک هەن پابەندنین و مەترسی بۆ سەر خۆیان و کۆمەڵگە دروستدەکەن .