داواکاری گشتیی سلێمانی: هەر هاونیشتمانییەک پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبێت، دەدرێتە دادگا
رووداو - سلێمانی
داواکاری گشتیی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە، هەر هاونیشتمانییەک پابەندی رێنماییەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی نەبێت، دەیدەینە دادگا.
داواکاری گشتیی سلێمانی لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، "لەبەر سەلامەتیی گیانی خۆتان و خانەوادەکانتان پابەندی رێنماییەکان بن و لە ماڵەکانتان بمێننەوە".
لە راگەیێنداروەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "هەر هاونیشتمانییەک پابەند نەبێت و تووشی ئەو ڤایرۆسە ببێت، بە ئەنقەست یان بە هەڵە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی لەنێو هاونیشتمانییاندا، رێکاری یاسایی دژی دەگیردرێتەبەر و دەدرێتە دادگا".
هەروەها پێشتر د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گەڕەکەکانی شاردایە و هەر ئەوە ماوە بگاتە نێو ماڵەکان و تکایە لە ماڵەکانتاندا بمێننەوە".
دوێنێ شەو لەشکر حامید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی باسی لەوە کرد، دۆخەکە لە سلێمانی مەترسیدارە و ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیادبووندایە.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 54 هاونیشتمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 13 تووشبوو چاک بوونەتەوە و تووشبوویەکیش بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.