شاباز زەمانی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر کرا


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانیان لەسەر سکاڵای ژنێک هونەرمەند شاباز زەمانییان دەستگیرکردووە و تاوەکو ئێستا لەلای ئەوان دەستبەسەرە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-03-2023، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەکانیان لەسەر فەرمانی دادوەر، هونەرمەندی گۆرانیبێژ شاباز زەمانی-یان دەستگیرکردووە و ئێستا لەلای ئەوان بەندە.  
 
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی، سەرچاوەکەی ئاسایش دەڵێت، دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە دێت، کە شاباز "تووندوتیژی" بەرامبەر ژنێک بە ناوی (س.ر.ص) کردووە و، ژنەکەیش سکاڵای لە دژی تۆمار کردووە.  
 
کەسێکی نزیک لەو گۆرانیبێژە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاک شاباز نەخراوەتەوە زیندان، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بانگهێشتی ئاسایش کراوە."
 
ماوەی چەند رۆژێکە ڤیدیۆیەکی شاباز زەمانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی تەنیوە، لە ڤیدیۆکەدا ئەو گۆرانیبێژە لە هۆڵێک لەسەر ستەیجی گۆرانیگوتن دێتە خوارەوە و بە زللـە لە دوو گەنج دەدات.
 
سەرچاوەکەی ئاسایش دەڵێت: "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە هیچ کەس لە یاسا گەورەتر نییە و یاسا لە سەرووی هەموو کەسێکە."