کەشناسی: نمەباران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، پێشبینی دەکرێت دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان نمەباران ببارێت. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات، لەسبەینێوە پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە.
بەپێ ئەو پێشبینییانەی بەشی کەشناشی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 22-03-2023 بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ ئاسمان هەورى تەواو دەبێت و دواتر دەگۆڕدرێت بۆ نیمچەهەور لەگەڵ بارینى نمەباران لە رۆژهەڵاتى هەرێمی کوردستان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان.
پێشبینیش دەکرێت سبەی پێجشەممە ئاسمان لە نێوان ساماڵ و پەڵەهەور بێت. کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی پلەی گەرما چوار بۆ پێنج پلە بەرزدەبێتەوە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانیش ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت، سبەی باران نابارێت، بەڵام بەردەوام ئاسمان نیمچەهەور و هەور دەبێت، بۆ لەمەودواش پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بەپلەی سیلیزی بۆ سبەی پێنجشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 21 پلەى سیلیزى
سلێمانی؛ 17 پلەى سیلیزى
دهۆک؛ 19 پلەى سیلیزى
کەرکووک؛ 23 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە؛ 19 پلەى سیلیزى
زاخۆ؛ 20 پلەى سیلیزى
سۆران؛ 18 پلەى سیلیزى
گەرمیان؛ 25 پلەى سیلیزى