فایەق زێدان لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی دادوەری کورد بۆ دەستەی چاوخشاندنەوە بە تانەکانی هەڵبژاردن دادەنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەکات و داوا دەکات هەرێمی کوردستان نوێنەری لەو دەستەیەدا هەبێت کە ئەرکی چاوخشاندنەوەیە بە تانە و سکاڵاکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی 10-03-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، گرنگە نوێنەری هەرێمی کوردستان لە دەستەی چاوخشاندنەوە بە تانە و سکاڵاکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، فایەق زێدانیش رۆژی 12-03-2024 نووسراوێکی بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان کردووە، تێیدا ئاماژەی بە نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی کردووە و داوای سێ ناوی کردووە.
 
رووداو زانیویەتی، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی هەرێمی کوردستان ناوی دادوەرێکی سلێمانی، دادوەرێکی هەولێر و دادوەرێکی دهۆکی بۆ فایەق زێدان ناردووە.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیش گۆڕانکاری لەو دەستەیەدا کردووە کە ئەرکەکەی سەیرکردنی تانەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یەکلاییکردنەوەیان دەبێت و بەو جۆرەش رەمەزان حەسەن عەبید، جێگری سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی دهۆک کراوەتە ئەندامی سەرەکی دەستەکە و کامەران حەسەن فەرەجی جێگری سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانیش کراوەتە ئەندامی یەدەکی دەستەکە.
 
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە لە ساڵى 2019 دەرکراوە، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن پێکدەهێنێت کە لە سێ دادوەری سەرەکی و دوو دادوەری یەدەک پێکدێن، بۆئەوەى تاوتوێى ئەو تانانە بکات و یەکلاییان بکاتەوە کە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنەوە رەوانەیان دەکرێن.
 
3ی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد.
 
نووسراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، کە رۆژی 18ی مانگ بڵاویکردەوە و تێیدا نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق خستبووەڕوو.