کاردانەوەکان بەرامبەر بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی زیاتر دەبن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و رۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە". گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ئەوانەی لە کوردستان پشتگیریی ئەو دادگەیە دەکەن لەبەر ئەوەیە کە لە بەرژەوەندیی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات."
 
سەرۆکی یەکێتی: پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە
 
رۆژی هەینی 22ی ئاداری 2024 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک گوتی، "ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و رۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە."
 
سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، هەر جۆرە "ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپ"یش بەرامبەر دادگەی فیدراڵیی عێراق رەتدەکەنەوە و دەڵێت، ئەو دادگەیە "سەربەخۆ و پیشەییە، کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عێراق و پاراستنی سەربەخۆیی، ئەوەش لە قووڵایی ئەرکە دەستووری و نیشتمانییەکانە."
 
دوای ئەو نووسینە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئێمە هەموومان لەگەڵ سەروەریی یاسا و دادگەیەکی بێلایەن و دەستووریداین، بەڵام تائێستا بەپێی دەستوور، عێراق دادگەیەکی دەستووریی نییە و ئەو دادگایە بە نادەستووری بەردەوامە و بڕیارەکانیشی نایاسایی و نادەستوورین."
 
بە گوتەی پێشەوا هەورامانی، "ئەوانەی لە کوردستان پشتگیریی ئەو دادگایە دەکەن، لەبەر ئەوەیە لە بەرژەوەندیی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات."
 
ئەمشەویش سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کەسێکمان نەبووە و نییە کە وەکو گوتەبێژ، هەڵوێستەکەی تەعبیری لە سیاسەت و بۆچوونەکانی تیمی وەزاریی یەکێتی بکات، بەڵکو ئەو کەسەی بەناوی گوتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنیا تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزارییەکەیان دەکات."
 
کاردانەوەکان چۆن دەستیان پێکرد؟
 
رۆژی 21-02-2024 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی تێنەپەڕێت و کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری ناوبرد.
 
ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر بنچینەی سکاڵایەک بوو کە لەلایەن زیا جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی کورسی کۆتاکان و بازنەی هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوو.
 
دوابەدوای دەرچوونی بڕیارەکە، 10 لایەنی تورکمان ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیان بە نادەستووری و دژی پێکەوەژیان ناوبرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو ستەمە لەسەر کورسیی کۆتاکان نەسڕدرێتەوە، بایکۆتی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان دەکەین."
 
هاوکات 10 حیزب و لایەنی کریستیان کە پێکهاتوون لە حیزبی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدان، حیزبی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان، لیژنەی ئیدارەی تائیفەی ئەرمەن، رەوتی شلاما بۆ كاروباری كریستیانەكان، حیزبی یەكێتی دیموكراتی كلدان، هاوبەندی جیهانی كلدان، كۆمەڵەی ئەرمەن، هاوپەیمانیی حەمورابی، هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی - هەرێمی كوردستان و دەستەی باڵای سیاسیی كلدانی، هاوشێوەی لایەنە تورکمانەکان بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانیان دا.
 
راگەیێندراوی پارتی لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی
 
رۆژی 18ی ئاداری 2024 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "دادگای باڵای فیدراڵی بە ھەموارکردنەوەی جومگە گرنگەکانی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە مادەکانی پەیوەست بە دیاریکردنی سیستمی بازنەکانی ھەڵبژاردن، کۆتای پێکھاتەکان، ژمارەی کورسییەکان، لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە یەکلاییکردنەوەی تانەکانی ھەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی پێشێلی مادەکانی (117 و 121)ی دەستووری کردووە کە تایبەتن بە گەرەنتیکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانی ھەرێم، لەھەمان کاتدا پێشێلکاری زەقی مادەی (6)ی دەستووریشی کردووە."
 
لە راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا نەھێشتنی کورسی کۆتای پێکھاتەکان لەیاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "پێشێلکردنی یەکێک لە گەرەنتیە سەرەکییەکانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد و ھەلی یەکسان و دادپەروەرانە" ناوبراوە و دەشڵێت، " ئەوە پێشێلکردنی ویست و ئیرادەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە و ناکۆکە لەگەڵ مادەکانی (49/ بڕگەی یەکەم) و (125)ی دەستوور و یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، "لەپێناو رەوایینەدان بە  سەپاندنی ھەموارە نادەستورییەکانی یاسای ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسندکردنی بڕیاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری ھەڵبژاردنێک نەکات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت."
 
دادگەی باڵای عێراق بەرگری لە بڕیارەکانی دەکات
 
رۆژی 20ی ئاداری 2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، "لە ئەنجامی بڕیارەکانی ئەم دواییە رووبەڕووی هێرشێکی نێوخۆیی و دەرەکی بووینەتەوە و ئامانجی ئەم هێرشە سیاسییەش، لەکەدارکردنی ناوبانگی دادگەیە."
 
بەرپرسی راگەیاندنی دادگەی باڵای فیدراڵی بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "دادگەی باڵای فیدراڵی لە ئەنجامی ئەو بڕیارانەی کە بۆ پاراستنی دەستوور دەریکردوون، رووبەڕووی هێرشێکی میدیایی نێوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانێت لە جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر گەل و نیشتمان بەردەوام بێت."
 
بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی دادگەی فیدراڵی، "ئامانجی ئەم هێرشە سیاسییە لەکەدارکردنی ناوبانگی دادگەی باڵای فیدراڵی و لێدانە لە رەوایەتییەکەی؛ هەروەها هێرشێکە بۆ سەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری."
 
پاڵپشتیی لایەنەکان بۆ دادگەی فیدراڵی
 
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا پشتیوانیی فراکسیۆنەکەی بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دەربڕی.
 
عەتوانی رۆژی پێنجشەممە 21-3-2024 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دادگەی فیدراڵی لە زۆر دۆخی زەحمەتدا خاوەن بڕیاری کۆتاییە. بڕیار و هەڵوێستەکانی دادگەکە رۆڵی بەرچاویان لە پاراستنی ئاساییش و سەقامگیریی وڵات و پاراستنی پڕۆسەی سیاسی لە پڕۆژە مەترسیدار و گوماناوییەکاندا هەبووە."
 
هاوکات، چوارچێوەی تورکمانیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە ساتی دامەزراندنییەوە لە ساڵی 2005 و تا ئێستا، دادگەی باڵای فیدراڵی سەلماندوویەتی کە دادگەیەکی سەربەخۆیە و ناچێتە ژێر باری هیچ گوشارێکی سیاسییەوە."