قایمقامی سنە: زیان بە 1934 باڵەخانەی بازرگانی و نیشتەجێبوون گەیشتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە دەستپێکی شەڕەوە تاوەکو ئێستا زیان بە هەزار و 934 باڵەخانەی بازرگانی و نیشتەجێبوونی شارەکە گەیشتووە، کە هەزار و 558 باڵەخانەیان یەکەی نیشتەجێبوون بوون و 376یشیان باڵەخانەی بازرگانی بوون.
 
غەریب سەجادی، قایمقامی شاری سنە رایگەیاند، هەر لە هێرشەکاندا 289 ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیان زیانیان بەرکەوتووە و 210 کەس لە دانیشووانی ناوچە زیانپێگەیشتووەکانیش بەشێوەی کاتی شوێنیان بۆ دابین کراوە.
 
رۆژی شەممە 21/3/2026 جارێکی دیکە هێرش کرایەوە سەر چەند ناوچەیەکی سەربازی لە نێو شاری سنە، هەرچەندە شوێن و زیانەکان رانەگەیێندراوە، بەڵام قایمقامی سنە دەڵێت؛ لە هێرشەکانی رۆژی شەممەدا 39 یەکەی نیشتەجێبوون و 5 باڵەخانەی بازرگانی بە تەواوەتی وێران بوون.
 
رۆژی چوارشەممە 18/3/2026 سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆی هێرشێکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سنە بڵاو کردەوە و رایگەیاند؛ لەم هێرشەدا هێلیکۆپەرێکی سوپای پاسدارانی لە جۆری MI‑17 لەناو بردووە.
 
شاری سنە ناوەندی پارێزگای سنەیە و بە زیاتر لە 528  هەزار دانیشتووان، سێیەم گەورەشاری رۆژهەڵاتی کوردستان و بیستەمین گەورەشاری ئێرانە. 
 
بەهۆی پێگەی ستراتیژیی پارێزگای سنە و زیاتر لە 220 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێکبەستنەوەی پارێزگاکانی ورمێ و کرماشان، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەییەکی بەرچاویان لەم پارێزگایەدا هەیە.
 
دیارترین هێزەکانی جێگیرکراو لەناو شاری سنە بریتین لە:
 
فیرقەی 28ی زەوینی کوردستان (ئەرتەش)
لیوای 128ی پیادەی سنە (ئەرتەش)
هێزی 33ی تۆپخانەی سنە (ئەرتەش)
 
سوپای بەیتولموقەدەسی کوردستان (سوپای پاسداران)
فیرقەی 22ی بەیتولموقەدەس (سوپای پاسداران)
سەربازگەی ئیمام عەلی (سوپای پاسداران)
سەربازگەی ئیمام حوسێن (سوپای پاسداران)
 
دەستەی فەرماندەیی ئینتزامی کوردستان (نیروی ئینتزامی)
دەستەی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری کوردستان (نیروی ئینتزامی)
فەرماندەیی رێکخراوی ئیتلاعات (نیروی ئینتزامی)
فەرماندەیی پۆلیسی ئەمنی گشتی (نیروی ئینتزامی)
فەرماندەیی پۆلیسی فەتا (نیروی ئینتزامی)