بە بەشداریی دەیان هەزار کەس لە ئامەد ئاهەنگی نەورۆز سازکرا
رووداو دیجیتاڵ
کچ و کوڕ، پیر و گەنج، بە جلوبەرگی رەنگاوڕەنگی کوردییەوە وەک لافاوێکی مرۆیی روویان لە مەیدانی نەورۆزی ئامەد کرد. لێرە تەمەن و باران نەبوونە بەربەست؛ هەمووان بۆ یەک مەبەست هاتبوون.
دەنگی تێکەڵاوی هەلهەلەی ژنان و ئاوازی دەف و زوڕنا، لەگەڵ گرمەی هەورەکانی بەهاردا بوونە یەک و مۆسیقایەکی تایبەتیان بۆ پێشوازیکردن لە بەهار خولقاند.
هاونیشتمانییان دڵخۆشیی خۆیان بە ئاهەنگی گەورەی نەورۆز لە ئامەد دەربڕی، بۆ رووداو قسەیان کرد: "بڕوانە، چووم درێسی کوردستانم کڕیوە، وەڵا زۆر خۆشە و دڵمان پێی دەکرێتەوە." یەکێکی دیکەیان دەڵێت: "ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی دووبارەی بکەینەوە؛ یان ئاشتی یان ئازادی."
گەنجێک بە جۆشخرۆشەوە لە ئاهەنگەکەی ئامەدەوە گوتی: "نەورۆز بۆ ئێمە واتە ئازادیی گەلی کورد، واتە ئازادیی کوردستان."
کڵپەی ئاگری نەورۆز لە نێوەڕاستی مەیدانەکە، گوڕوتینێکی زیاتری بە جەماوەرەکە بەخشی. یەکێک لە بەشداربووان دەڵێت، هێشتا نەورۆزی ئەم ساڵ تەواو نەبووە، ئەو خۆی بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە دەکات.
هاونیشتمانییەک دەڵێ: "وەک دەبینن خۆمان رازاندووەتەوە و هاتووینەتە مەیدانەکەمان. نەورۆز لای ئێمە پیرۆزە. نەورۆزی هەموو کورد و کوردستان پیرۆز بێت."
گەنجێکی بە جلی کوردییەوە گوتی: "ویستم جلی نەتەوەیی لەبەر بکەم، تاوەکو ئەو کەسانەی سەیری ئێمە دەکەن بزانن گەنجانی کورد خاوەنداری لە کولتوور، زمان و نەریتی نەتەوەیی خۆیان دەکەن و هێشتا بە زیندوویی ماون."
نە باران وەستا و نە خەڵکیش لە هەڵپەڕکێ کەوتن. لە لایەک ئاگر و لە لایەک هەڵپەڕکێ، بارانیش بووە هاوڕێی ئەو خۆشییەی کە ئامەدی تەنیبوو. لە نێو ئاپۆرای جەماوەرەکەدا، باس لە کاوەی ئاسنگەر و مێژووی پڕ لە بەرخودانی ئەم جەژنە دەکرا.
بەشداربوویەک: "نەورۆز واتە کاوەی ئاسنگەر، واتە رەحشان، نەورۆز مێژووە و بۆ ئێمە واتایەکی قووڵی هەیە."
ئاهەنگی ئەم ساڵی نەورۆزی ئامەد، کە پەیامی ئاشتی تیایدا لەپێشینە بوو، لەژێر بارانی بەهار و بە هەڵپەڕکێیەکی جەماوەری کۆتایی هات.