باران و لافاو ڕێگەی گوندێکی هەریری پەکخستووە؛ قایمقام: تیمەکانمان دەنێرین
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی رۆژانی رابردوو، رێگەی هاتووچۆی گوندی 'یەکدەر' لە سنووری قەزای هەریر ئاستەنگی بۆ دروستبووە و دانیشتووانی گوندەکەش دەڵێن، ناچار بوون لەسەر ئەرکی خۆیان شۆفڵ بگرن بۆ کردنەوەی رێگەکە.
گوندی یەکدەر، کە دەکەوێتە دوایین خاڵی سنووری قەزای هەریر لەسەر رووباری زێی گەورە و 34 ماڵی تێدا نیشتەجێیە، لە کاتی بارانباریندا دووچاری گرفتی هاتووچۆ دەبنەوە.
فرسەت سدیق، دانیشتوویەکی گوندی یەکدەر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "گوندەکەمان تەنیا یەک رێگەی هاتووچۆی هەیە و بارودۆخی زۆر خراپە. لە کاتی بارانباریندا ئاوی هەردوو دۆڵی خڕێ و شێخ ساران قوڕ و لیتە دەهێنێتە سەر جادەکە و رێگەکەمان بە تەواوی دادەخات."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە پێشتر رێگەکە کۆنکرێت کراوە بۆ ئەوەی لافاو زیانی پێ نەگەیێنێت، بەڵام بەهۆی بەهێزیی بارانەکەی ئەم دواییانە، تەنیشتی کۆنکرێتەکە کەندڕ بووە و ئاو بردوویەتی. دەشڵێت: "ناچار بووین خۆمان شۆفڵێک بە کرێ بگرین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی رێگەکە بۆ هاتووچۆ ئامادە بکەینەوە."
شێروان جەلال، قایمقامی قەزای هەریر سەبارەت بەم کێشەیە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا لەلایەن موختار یان خەڵکی گوندەکەوە بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە لە بوونی ئەو ئاستەنگە، بەڵام تیمەکانی رێگەوبانمان لە ناوچەکەدان و ئێستا رایاندەسپێرین بچنە گوندی یەکدەر و هەر گرفتێک هەبێت چارەسەری بکەن."
قایمقامی هەریر راشیگەیاند، تیمەکانیان لە رۆژانی جەژن و پشووەکانیشدا لە ئەرکدا بوون و لە چەند رۆژی رابردوودا کێشەی هاتووچۆی گوندی 'هەراش' و چەند گوندێکی دیکەیان چارەسەر کردووە، کە بەهۆی باران و لافاوەوە رێگەکانیان داخرابوو.