وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو: بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی بارانبارینی ئەم دواییانەوە زیادبووە. دەشڵێن، بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ بووە و بەنداوی دهۆکیش تەنیا چوار مەتری ماوە سەرڕێژ ببێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 22ی ئاداری 2026 هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان سەرڕێژ بوون."
 
بە گوتەی هیوا عەلی، بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ بووە، بەڵام بەنداوی دووکان هێشتا ماویەتی. گوتیشی، "بەنداوی دەربەندیخان بەهۆی سەرڕێژبوونیەوە بەردراوەتەوە،" بۆیە داوا لە دانیشتووانی گەرمیان دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی دەکەونە سەر رووباری سیروان تاوەکو دەگاتە بەنداوی حەمرین و چەمەکانی سنووری زێی بچووک و تەقتەق، لە کەناراوەکان و چەمەکان دووربکەونەوە.
 
 
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە رووداوی گوت، "بەنداوی دووکان هێشتا سەرڕێژ نەبووە و ماویەتی؛ بەڵام لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 17 مەتر ئاوی زیاد کردووە؛ دۆخی بەنداوەکەش باشە."
 
هەروەها فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند، "بەنداوی دهۆک تەنیا 4 مەتری ماوە تاوەکو سەرڕێژ بێت، بەڵام بەنداوەکان بووژانەوەیەکی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە."
 
بەنداوی دهۆک 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت. بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک گوتی، "41 ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجا ئاوی تێدایە و لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 6 مەتری زیاد کردووە؛ هەروەها سێ بەنداوی مامناوەندیش سەرڕێژ بوون کە بریتین لە خنس، بێدۆهی و کەشکان."
 
بەشێک لە بەنداوە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان بریتین لە (جەلی، دێگەڵە، چەمرگە، ئاقووبان، حەمامۆک، بەشێک لە بەنداوە بچووکەکانی هەرێمی کوردستان بریتین لە (جەلی، دێگەڵە، چەمرگە، ئاقوبان، حەمامۆک، بەستۆرە و شیوە سوور) لە هەولێر؛ (دێوانە، ئاوەسپی، باوەشوار، حەسەن کەنووش، چەمی سمۆر و قادر کەرەم) لە سلێمانی؛ هەروەها (خنس، بێدۆهی و کەشکان) لە دهۆک، کە زۆرینەیان بۆ ئاودێری و حەوزی ماسی سوودیان لێوەردەگیرێت.
 
لە هەفتەی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسان، تاوەکو کۆتاییی هەفتە بەردەوام دەبێت.