چیرۆکێکی ناخهەژێن لە بەردەڕەش؛ بووکێک پێش ئەوەی بچێتە ئارایشتگە لە رووباری خازر خنکا


رووداو دیجیتاڵ

بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە جوانترین رۆژی ژیانی محەممەد و غەزال بێت. دوای دوو مانگ لە ئامادەکاری، بەیانیی زوو بەرەو ئارایشتگەیەک لە بەردەڕەش بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی غەزال جلی بووکێنی بپۆشێت، بەڵام لە رێگە ئۆتۆمبێلەکەیان کەوتە نێو رووباری خازر و بووکەکە، خوشکی زاوا و پووری بووکەکە خنکان و زاواکەش بریندار بوو.
 
رووداوەکە کاژێر 07:30ـی بەیانیی رۆژی یەکشەممە 22-3-2026 روویداوە. غەزال کە خەڵکی گەیارە بوو و شووی بە گەنجێکی کورد کردبوو، لەگەڵ پێنج کەسی دیکە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بەرەو بەردەڕەش دەچوون. لە بەرزاییەکەوە ئۆتۆمبێلەکەیان کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەوتووەتە نێو ئاوی خێرای رووباری خازر.
 
بەشار خەلیل، مامی بووکەکە بە دڵتەنگییەوە بە رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە وابوو کە ئاهەنگی هاوسەرگیرییان هەبوو، دەرچوون، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەیان خزاوە و کەوتووەتە رووبارەکە و خنکاون".
 
پەیامنێری رووداو چووەتە شوێنی رووداوەکە لەسەر رووباری خازر؛ ئاوەکە لێڵە و خێرا دەڕوات. ئۆتۆمبێلەکە نقووم ببوو، کاتێک 6 کەسەکە دەرهێنران، لە تەنیشت ئاوەکەوە هەوڵێکی زۆر درا بۆ رزگارکردنیان، بەڵام بێسوود بوو.غەزالی بووک، حەنینی خوشکی زاوای تەمەن 20 ساڵ و پووری بووکەکە (تەمەن 40 ساڵ) گیانیان لەدەستدا و سێ کەسەکەی دیکەش بریندار بوون کە یەکێکیان زاواکەیە. هەر لەوێ سێ تەرمەکە بەرەو مزگەوت و گۆڕستان بردران.
 
غەزال لەبری پۆشینی جلی سپیی بووکێنی، بە کفنی سپییەوە چووە ژێر خاک.