چەند گوندێکی سنووری ئاکرێ داوای چارەسەرکردنی کێشەی رێگەکەیان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بارانبارینی چەند رۆژانی رابردوو کێشەی بۆ رێگەی گوندی (کێلەپسمیران) و چەند گوندێکی دیکەی سنووری ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ دروستکردووە. بەشێک لە هاونیشتمانییانی ناوچەکە دەڵێن، چەندین ساڵە بەدەست ئەو کێشەیەوە دەناڵێنن. بەڕێوەبەری رێگەوبانی ئاکرێ دەڵێت، دەرخستەی پرۆژەکە رەوانەی وەزارەت کراوە و چاوەڕێی بودجەن.
 
سوبحی خەیرەدین، دانیشتووی گوندی کێلەپسمیران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رێگەی گوندەکەیان کە درێژییەکەی شەش کیلۆمەترە، رێگەی هاتووچۆی نزیکەی 10 گوندی دیکەیە و بە تەواوی بووەتە گڵ و چاڵوچۆڵ.
 
سوبحی خەیرەدەین گوتی: "کێلەپسمیران نزیکەی 200 ماڵ و کێلەشێخبزێنیش نزیکەی 100 ماڵە. زۆربەی خەڵکەکە خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین. لە ساڵانی رابردوودا رێگەکە قیرکرا، بەڵام زوو تێکچوو."
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی نزیکیان لە چەم و رووبارەوە ساڵانە چەندین جار ئاو رێگەکە دەبڕێ و ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت.
 
هاونیشتمانییەکە گوتی: "نزیکەی 40 قوتابی ئامادەییمان هەیە کە لە گوندی چەمە دەخوێنن، هەرچەندە ئێستا پشووە بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندن بەهۆی رێگەکەوە گرفتیان بۆ دروست دەبێت. چەندین جاریش چوینەتە ناحیە و قایمقامیەت، بەڵام داواکارییەکە جێبەجێ نەکراوە."
 
موحسین میرانی، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی ئاکرێ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "داواکاریی خەڵکی گوندەکەمان بەدەست گەیشتووە. دەرخستەمان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە دهۆکەوە رەوانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کردووە و چاوەڕیی تەرخانکردنی بودجەین. هەر کاتێک رەزامەندی درا و بودجە تەرخان کرا، پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێ."
 
سەبارەت بە کێشەی رێگەکە لە کاتی بارانبارین، بەڕێوەبەری رێگەوبانی ئاکرێ گوتی: "رێگەکە لە نزیک رووبار و دۆڵێکی قووڵ هەڵکەوتووە و ئاوی چیای حەمید دێتە نێو ئەو دۆڵە، درێژییەکەی نزیکەی 200 مەترە و چوار بۆ پێنج مەتر قووڵە، بۆیە تەنیا بە دروستکردنی پردێکی گەورە چارەسەر دەبێت. ئێمە ئێستا ناتوانین کاری تێدا بکەین تاوەکو بارانەکە دەوەستێت."