جیاوازیی 20 ساڵ؛ کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
20 ساڵ پیش ئێستا ئەگەر بیرێکی ئیرتیوازی لە گوندی سوسێ لە دۆڵی خۆشناوەتی لێدرابووایە، بە 150 مەتر دەگەیشتە ئاو، بەڵام ئێستا هاونیشتمانییەک کە خەریکی هەڵکەندنی بیرە، زیاتر لە 300 مەتری قووڵکردووە و هێشتا نەگەیشتووەتە ئاو.
حەوزی ئاوی ژێرزەویی هەولێر کە کەوتووەتە نێوان زێی گەورە تاوەکو زێی بچووک، بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین حەوزەکانی ئاوی ژێرزەویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، ئەمساڵ ئاوی ژێرزەوییەکەی 30 مەتر دابەزیوە.
جگە لە هۆکارە سرووشتییەکەی کە کەمیی بارانە، هۆکارە مرۆییەکان، لە لێدانی بیری نایاسایی و کەمیی گۆم و بەنداوی بچووک و گەورەی ئاو، بە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی دادەنرێن.
نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی هەولێر دەڵێت "نزیکەی 20 ساڵە بە بەردەوامی لەلایەن دوو تیمەوە، پێوانەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەکەین، ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە لە 20 ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە دابەزیندا بووە".
قووڵایی بیر لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان 20 ساڵ پێش ئێستا:
پارێزگای هەولێر
20 ساڵ پێش ئێستا قووڵایی بیر 200 - 250 مەتر بووە
ئێستا 300 - 400 مەترە
پارێزگای سلێمانی
20 ساڵ پێش ئێستا قووڵایی بیر 50 مەتر بووە
ئێستا 100 مەترە
پارێزگای دهۆک
20 ساڵ پێش ئێستا قووڵایی بیر 150 مەتر بووە
ئێستا 200 - 250 مەترە
ئیدارەی گەرمیان
20 ساڵ پێش ئێستا قووڵایی بیر 80 - 90 مەتر بووە
ئێستا 110 - 130 مەترە
حامید جومعە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی گەرمیان رایگەیاند "ئێمە بەردەوام پێوانەی بیرەکان لە کەلار و کفری دەکەین، 30 بۆ 50 سانتیمەتر ئاو دابەزیوە، هێشتا باشە، چونکە هێشتا رووباری سیروان بەتەواوی وشکی نەکردووە".
بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، لە ساڵی 2018 ئەنجوومەنی وەزیران مۆڵەتی لێدانی بیری قووڵی راگرتووە، بەڵام ئەوە بە هۆکارێک دادەنرێت بۆ زۆربوونی بیری نایاسایی.
لە هەرێمی کوردستان 23 هەزار و 800 بیری یاسایی لێدراون، لە هەمانکاتدا نزیکەی 20 هەزار بیری نایاسایی لێدراون.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی ژێرزەوییەوە هەزار و 540 ئامێری بیر هەڵکەندنی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک سزابدرێت.
شوان کەریم، جێگری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد "دابەزینی ئاوی ژێرزەوی مەترسییەکی زۆر ترسناکە، پێویستە حکومەت لە نزیکترین کاتدا بودجە بۆ ئەو بەنداوانە تەرخان بکات کە تەواونەکراون، کە 15 بەنداوی بچووک، مامناوەند و گەورەن، بۆئەوەی هیچ نەبێت دابەزینی ئاوی ژێرزەوی لەو ئاستەی ئێستا رابگرین".
لە هەرێمی کوردستان هەر ناوچەیەک ساڵانە کەمتر لە 400 ملیمەتر بارانی لێ ببارێت ئاستی ئاوی ژێرزەوییەکەی کەم دەکات، لەکاتێکدا لە سێ دەیەی رابردوودا کەمترین باران ئەمساڵ باریوە، کە تاوەکو ئێستا لە دەشتایی بۆ شاخەکان لەنێوان 167 بۆ 800 ملیمەتر بووە و زیاتر لە نیوەی هەرێمی کوردستان کەمتر لە 400 ملیمەتر باران باریوە.