دۆخی تەندروستیی کاوە بازیانی ناجێگیرە
رووداو دیجیتاڵ
کاوە بازیانی، کەسایەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازیی سلێمانی کە دوایین ئیوارەی رەمەزان لە ڕێی بازیان سلێمانی تەقەی لێکرا، تائێستا لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سلێمانییە و بێهۆشە، کەسێکی بنەماڵەکەشی بە رووداوی گوت "دەزانین کێ تەقەی لێ کردووە".
کاوە بازیانی، پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و کەسایەتییەکی ناسراوی سلێمانییە. ئەندامێکی بنەماڵەکەی بە رووداوی گوت "دەزانین کێ تەقەی لێکردووە؛ کوڕێکە وا تێگەیێنراوە لە رەمەزانی ساڵی 1985 کاوە بازیانی باوکی کوشتووە".
تەقەکەرەکە بەگوتەی کەسوکاری کاوە بازیانی، بەهۆی ئەوەی باوکی پێش جەژنی رەمەزان کوژراوە، ئەویش پێش جەژنی رەمەزان هەوڵی تۆڵەکردنەوەی داوە، بەڵام وەک ئەوان دەڵێن "ئەو کەسە بە هەڵە تێگەیشتووە و پێشتریش کاوە بازیانی خۆی روونکردنەوەی داوە کە ئەو باوکی نەکوشتووە".
هێشتا تەقەکەرەکە، کە گوللـەیەکی لە سەری کاوە بازیانی داوە و بە لای چەپی مێشکی کەوتووە، دەستگیرنەکراوە.
ئەوکاتەی کاوە بازیانی گەیەنرایە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی لە سلێمانی، بەردەم نەخۆشخانەکە نزیکەی هەزار کەسی لێ کۆبووەوە، ئەوان بە پێ وەستابوون و هەموویان ناسیاو، کەسوکار و لە عەشیرەتەکەی بوون.
کاوە ئەحمەد تۆفیق، لە حەفتاکانی تەمەنیەتی، کەسی یەکەمی عەشیرەتی کافرۆشییە لە ناوچەی چەمچەماڵ و بازیان، ئەندامی پێشووی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانە و کەسایەتییەکی سەربازیی پێشووتری یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە.
کاوە بازیانی، پێشتر لە ساڵی 1979 تاوەکو 1981 لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان خەباتی کردووە، لە ساڵی 1981 تاوەکو ناوەڕاستی هەشتاکان بەرپرسی هێزێکی حکومەتی سەر بە حکومەتی ئەوکاتی عێراق بووە، دواتر لە کاتی کۆمەڵکوژیی ئەنفال لە ئەبوغرێب، زیندانیی حکومەتی بەعس بووە.
لە ساڵی 1991ـەوە پەیوەندی کردووەتەوە بە ریزەکانی پێشمەرگە و بەرپرسی ئازادکردنی ناوچەکانی بازیان و ئازادکردنی ناوچەکانی ئەو دەڤەرە بووە.