مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەو وانەبێژانەی پێش جەژن مووچەی مانگی ئاداریان وەرنەگرتووە لە رۆژی چوارشەممەوە دابەشکردنی مووچەکانیان دەستپێبکاتەوە، کە جگە لە پارێزگای دهۆک و دوو پەروەردەی پارێزگای هەولێر، پەروەردەکانی دیکەی پارێزگای هەولێر، هەروەها پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین، گەرمیان و سۆران دەگرێتەوە.
 
رۆژی شەممە، 22ـی نیسانی 2023، کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بۆ یەکشەممە مووچەی هەموو ئەو وانەبێژانە دابەشدەکرێت کە بەهۆی "نەبوونی سیولە لە بانکەکان" پێش جەژن نەتوانراوە مووچەی مانگی ئادار وەربگرن.
 
ئەو پەروەردانەی بڕیارە لە رۆژی چوارشەممەوە مووچەکانیان وەربگرن ئەمانەن: پەروەردەی ناوەندی هەولێر، دەوروبەری هەولێر، چۆمان، سۆران، مێرگەسۆر، کۆیە، رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی، هەڵەبجە، کەلار، دووکان، رانیە، پشدەر، کفری، پێنجوێن، شارباژێڕ، شارەزوور، دەربەندیخان، سەیدسادق، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، قەرەداخ و کەرکووک.
 
لەبارەی مووچەی وانەبێژانی سنووری پەروەردەکانی پارێزگای دهۆک، کاروخ عەبدوڵڵا گوتی، پێش جەژن لە پارێزگای دهۆک وانەبێژانی سنووری پەروەردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ، شێخان، ئامێدی، بەردەڕەش، تلکێف، سێمێل و شنگال مووچەیان وەرگرتبوو. گوتیشی: "پێش جەژن وانەبێژانی پەروەردەی دەشتی هەولێر و خەباتیش لە پارێزگای هەولێر مووچەی مانگی ئاداریان وەرگرتبوو".
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە باشووری کوردستان 35 هەزار و 543 وانەبێژن، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە؛ کە مووچەی هەر وانەبێژێک بەگوێرەی بڕوانامەکەی لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە.