بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە سنووری سلێمانی سەری 7 قوتابی دەتاشێت


رووداو دیجیتاڵ

لە قوتابخانەی رازیی سنووری قەزای بازیان، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک سەری 7 قوتابیی تاشیوە. مامی یەکێک لە قوتابییەکان دەڵێت: "ئەتککراون". بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش بە رووداوی گوت، "ئەو قوتابییانە دەست کورت بوون، من وەکو خێرێک سەرم چاککردن."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی نیسانی 2025، مامی یەکێک لەو 7 قوتابییە بە رووداوی گوت، "بەڕێوەبەری قوتابخانەی رازی لە بەردەقارەمان دوێنێ بە شێوازێکی زۆر ناشرین بە قوتابییەکانی گوتووە سەریان بتاشن، ئەمڕۆ لەکاتی ریزبوونی قوتابیان لەنێو 300 قوتابیدا، سووکایەتی بە 7 قوتابیی قۆناخی بنەڕەتی کردووە و سەریانی بە مەقەست ئەتک کردووە."
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، قوتابییەکان تۆزێک پەرچەمیان هەبووە، قژیان ئەوەندە زۆر نەبووە: "منداڵەکەی ئێمە دەروونی تێکچووە و دەڵێت ناڕواتەوە بۆ قوتابخانە."
 
بەشدار ئەسعەد، باوکی یەکێک لە منداڵەکان بە رووداوی گوت: "لەسەر ئەو رەفتارە سکاڵا لەسەر مامۆستاکە تۆمار دەکەم."
 
پشتیوان غازی محەممەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بنەڕەتیی رازی بە رووداوی گوت، "چەند جارێک ئەو قوتابییانەم ئاگادارکردەوە سەریان بتاشن، بەڵام دەستیان کورت بوو، بۆیە منیش ئەمڕۆ وەک خێرێک سەرتاشێکم هێنا بۆ قوتابخانە و خۆشم سەرتاشی دەزانم، یارمەتیی سەرتاشەکەمدا بە مەقەس و مەکینەی سەرتاشین پەرچەمیانمان چاک کرد."
 
بەڕێوەبەری قوتابخانەی بنەڕەتیی رازی دەڵێت، "کاتی تەواوبوونی سەرچاککردنەکە من بە کارێک چوومە دەرەوەی قوتابخانە."
 
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر کارێک لە دەرەوەی پەروەردە و فێرکردن بێت، دەبێ رەزامەندیی وەزارەتی پەروەردەی بۆ وەربگیرێت، ئەو مامۆستایەش مۆڵەتی وەرنەگرتووە، بۆیە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت: "ئەگەر ئەو مامۆستایە بە خێریش ئەو کارەی کردبێ، مادام رەزامەندیی بۆ وەرنەگرتووە بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت، ئەگەر سەرتاشیش چووبێتە ناو قوتابخانە، ئەویش سەرپێچییە، چونکە مۆڵەتی بۆ وەرنەگیراوە."
 
نەژاد عەبدوڵڵا، ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر قوتابییەکانیش قژیان نائاسایی بێت، دەبێ دایک و باوکیان بانگ بکرێت، نەک سەریان چاککبکرێت، ئەوە سەرپێچییە لە رێنماییەکانی وەزارەت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئەو کارە دەکەوێتە چوارچێوەی تووندوتیژیی دەروونییەوە و " چاوەڕێی سکاڵای دایک و باوکی قوتبانییەکانین."