نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆژنامەنووسان: بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی." داواش لە رۆژنامەنووسان دەکات، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 128 ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستان) و میر میقداد میدحەت بەدرخان و 28 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان دەکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، جەخت لە "پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین دەکەینەوە، وەک بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسی و کۆمەڵگهیهکی مهدهنیی پێشکەوتوو."
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی، "بە جۆرێک کە مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ رۆژنامەنووسان دابین بکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە رۆژنامەنووسان کرد، "بەوپهڕی راستگۆیی و پیشەگهرانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن و رۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یهکترقبووڵکردن و لێبووردەییدا بگێڕن و برهو به گیانی نیشتمانپهروهری و خۆشهویستیی وڵات بدهن."
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
یادی 128 ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستان) و میر میقداد میدحەت بەدرخان و 28 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گەرمی لە هەموو رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین دەکەینەوە، وەک بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسی و کۆمەڵگهیهکی مهدهنیی پێشکەوتوو.
بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی، بە جۆرێک کە مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ رۆژنامەنووسان دابین بکات.
رۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێکی کاریگەری بنیاتنانی حکومڕانییەکی باش و دادپەروەره، بۆیە داوا لە رۆژنامەنووسان دەکەم بەوپهڕی راستگۆیی و پیشەگهرانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن و رۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یهکترقبووڵکردن و لێبووردەییدا بگێڕن و برهو به گیانی نیشتمانپهروهری و خۆشهویستیی وڵات بدهن.
سڵاو لە یاد و گیانی شەهیدانی ڕۆژنامەگەری و هەموو ئەو پێشەنگانەی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی وشەی ئازاد تەرخان کرد.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/4/22