پارتی ئازادیی کوردستان: بە چوار درۆن هێرشمان کرایەسەر و پێنج پێشمەرگە بریندارن

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی ئازادیی کوردستان دەڵێ، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ "تاران لە رێگەی چوار درۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە بارەگاکانی سپای میللیی کوردستان" و بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە بریندار بوون. 
 
بەپێی راگەیێندراوی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) کە ئەمڕۆ 22ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکە لە کاژێر 01:24 خولەکی بەرەبەیانی ئەنجامدراوە. 
 
پارتی ئازادی ئاماژە بەوە دەدات، "ئەم هێرشە تەنیا دوو کاژێر دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی راگەیاند."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە ئاکامی ئەم هێرشەدا پێنج پێشمەرگەی سپای میللیی کوردستان بریندار بوون." پارتی ئازادیی کوردستان هێرشەکەی بە "بێبایەخکردنی ئاگربەست" و "بەکارهێنانی کەشی ئاشتی بۆ پەلاماردانی هێزەکانی پێشمەرگە" لەقەڵەم دەدات.
 
پارتەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان تیشک دەخاتە سەر ناسنامەی بریندارەکان و دەڵێت: "ئەوانەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە درۆنی ئێرانی پێکراون، قارەمانەکانی شەڕی سێ ساڵەی دژی داعش و تێکشێنەرانی پەلامارەکانی 20ی ئۆکتۆبەری 2017ی هێزی قودس و حەشدی شەعبین بۆسەر هەولێر."
 
لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە 732 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر، لە ئەنجامدا 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و 99 کەسیش بریندار بوون.