بەرەی گەل داوا لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکان دەکات گوشار بخەنە سەر یەکێتی

رووداو دیجیتاڵ

لیستی بەرەی گەل لە راگەیێندراوێکدا داوا لە تەواوی باڵیۆز، کۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتان دەکات گوشار لە دەسەڵاتدارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی "کۆتایی بەم تاوانە بهێنرێت" و دۆسیەی گیراوانی لالەزار بە رێکاری یاساییدا بڕوات.
 
رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، بەرەی گەل لە راگەیێندراوەکەدا بڵاویکردەوە، کە داوا کراوە گوشار لەسەر دادگای سلێمانی بکرێت بۆ ئەوەی کەیسی لالەزار لەژێر هەژموونی حیزبی و کەسی دەربهێنرێت و چیتر دەستاودەستی پێ نەکرێت.
 
لەبارەی دۆخی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە رۆژی 19ـی مانگەوە هەر یەک لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە."
 
بەرەی گەل داوا لە حیزب، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆشنبیران و نووسەران دەکات کە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بەو "غەدرە" دەربڕن و بێدەنگ نەبن.
 
دوێنێ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی گیراوانی لالەزار رایگەیاند، هەڵوێستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان "دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە دوور لە هەموو دەستتێوەردان و گوشارێک، پێویستە هه‌موو کەیسێک بە رێڕەوی یاسایی خۆی و لەسەر بنەما دروستەکانی دادگاییکردن بەڕێوەبچێت و پێویستە دەرفەتی بەرگریکردن و پاراستنی مافی تۆمه‌تباران و گیراوان بەپێی یاسا پارێزراو بێت".
 
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازی نەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
 
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.