شارەوانیی هەولێر داوا لە گەشتیاران دەکات پاشماوەکانیان بۆ ناو شار بگەڕێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر پەیامێک ئاراستەی گەشتیاران و هاووڵاتییان دەکات و داوایان لێدەکات لە کاتی چوونە سەیرانگاکان، پارێزگاری لە پاکوخاوێنیی ژینگە بکەن و پاشماوەکانیان لەگەڵ خۆیان بگەڕێننەوە.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەیرانگاکان و شوێنە سرووشتییەکانی دەوروبەری هەولێر سامانێکی هاوبەشن و پاراستنیان ئەرکی هەمووانە. داواش لە هاونیشتمانیان دەکات: "پاشماوەکانتان بکەنە ناو کیسی نایلۆن و لەگەڵ خۆتان بیگەڕێننەوە ناو شار، چونکە رۆژانە تیمەکانی شارەوانی لەبەردەم ماڵەکانتان پاشماوەکان کۆدەکەنەوە."
هاوکات گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، سەنعان عەبدوڵڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی رێنماییەکان هەر کەسێک پاشماوە لە شوێنە گەشتیارییەکان فڕێبدات، رووبەڕووی سزای دارایی دەبێتەوە.
گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان وردەکاریی سزاکانی خستەڕوو و گوتی: "سزاکان لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکەن و تاوەکو شەش ملیۆن دینار دەڕۆن، ئەوەش بەپێی جۆری سەرپێچییەکە دیاری دەکرێت."
سەنعان عەبدوڵڵا گوتی، کە تیمەکانیان بەردەوام بەدواداچوون دەکەن؛ ئەگەر دەرکەوت هەر هاووڵاتییەک یان خاوەن پڕۆژەیەک پاشماوەی بەجێهێشتووە، سەرەتا ئاگادار دەکرێتەوە و دواتر سزای دارایی دەدرێت، بەتایبەت ئەو سەرپێچییە گەورانەی زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیێنن.