رێکخراو و رۆشنبیران یاداشتێکی ناڕەزایەتییان دایە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری بەشێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسەران، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ، یاداشتێکی ناڕەزایەتییان ئاراستەی کۆنسوڵگەریی گشتیی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەولێر کرد و تێیدا داوای هەڵوێستێکی جدی و کردەیی دەکەن بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
یاداشتەکە رۆژی چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، بڵاوکراوەتەوە تیاییدا هاتووە، لە ماوەی 55 رۆژی رابردوودا (40 رۆژی جەنگ و 15 رۆژی دوای ئاگربەست)، هەرێمی کوردستان بە "شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە (بەرەی مقاوەمە) لە عێراق، کراوەتە ئامانجی هێرشی موشەکی و درۆنی".
بەپێی ئامارەکانی ناو یاداشتەکە، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 750 هێرشی جۆراوجۆر تۆمارکراون، کە بوەتە هۆی شەهید و برینداربوونی دەیان هاونیشتمانی و زیان گەیاندن بە ژێرخانی ئابووری، ناوچە نیشتەجێبوەکان، سەنگەرەکانی پێشمەرگە، فڕۆکەخانەکان و تەنانەت ناوەندەکانی خوێندن و بازاڕیش".
رێکخراو و رۆشنبیران لە یاداشتەکەیاندا لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا دەڵێن: "جێگەی تێڕامانە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبوە لەم شەڕە، بەڵام لە راستیدا و باجی قورسی ئەم ململانێیەی داوە. لە کاتێکدا ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە پرۆسەی دانوستاندایەو هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەدات، دەبینین بۆردوومانی وڵاتانی کەنداو و بەغدا وەستاوە، بەڵام هەرێمی کوردستان بە تەنیا لەژێر رەحمەتی موشەکەکانی ئێراندا جێهێڵدراوە."
لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا هاتوە: "ئێمە ئەمریکا بە بەرپرسیار دەزانین، چونکە بەشێکی زۆری ئەم هێرشانە بە بیانووی هەبوونی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە ناکرێت لە کاتی رێککەوتن و ئاگربەستدا فەرامۆش بکرێت و بخرێتە دەرەوەی هاوکێشەکان؛ هەروەک چۆن ئێران توانی ئەمریکا ناچار بکات فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر لوبنان، پێویستە ئەمریکاش فشارە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و راگرتنی هێرشەکانی ئێران."
لە کۆتایی یاداشتەکەدا، نوێنەرانی رێکخراوەکان و رۆشنبیران چەند داواکارییەکیان ئاراستەی ئەمریکا کردوە، لەوانە:
1-ئەمریکا لەبری "تەماشاکاربوون" هەڵوێستێکی کردەیی و جدی بنوێنێت.
2-راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکرێتە مەرجێکی بنەڕەتی لە هەر دانوستاندنێک دا کە لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەکرێت.
3-پاراستنی ژیانی شایستە و ئارامی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێت و چیتر نەبنە قوربانیی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.