رابەری گشتیی بزووتنەوە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لایەنەکان لە یەکتر نزیک بن


رووداو دیجیتاڵ

رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتالیا دەڵێت: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە یەکتر نزیک بن و گرژییەکانی نێوانیان خراپە".
 
رۆژی 22ـی نیسانی 2026، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00 کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات، رایگەیاند لەگەڵ ئەحمەد شەرع باسی دۆخی رۆژئاوای کوردستانیان کردووە و ئەو دەیەوێت کێشەکان لەگەڵ کورد چارەسەر بکات.
 
باسی لەوەش کرد، لەلایەن سەرۆککۆماری سووریاوە بۆ قۆناخی راگوزەر بانگهێشتی دیمەشق کراوە تاوەکو بۆ پرسی کورد سەردانی ناوچە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بکات.
 
رۆژی 17ـی نیسانی 2026، کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا بە بەشداریی نزیکەی 5000 کەسایەتی لە 150 وڵاتەوە دەستپێکرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چوارەم جار بە بانگهێشتی فەرمی بەشداریی کرد.
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆڕبەندەکە، لە پەراوێزی بەشداریکردنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "کاک نێچیرڤان بۆ دۆخەکە زۆر بەخەم بوو، پێی خۆش بوو کورد لەو بنبەستەی هەیە دەربچێت و لایەنە کوردییەکان لە یەکدی نزیک بن".
 
دەقی چاوپێکەوتنی رووداو لەگەڵ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان
 
رووداو: چەند لەگەڵ ئەحمەد شەرع دانیشتن؟ کۆبوونەوەکەتان چەندی خایاند؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: سوپاس کاکە سەنگەر، دیارە یەکێک لە سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ ئەوەیە کە مرۆڤی خۆمان، کورد، دەستی بگات بە زانیارییەکان. جەنابیشت لەبری خەڵک ئەو پرسیارانە دەکەیت، سوپاست دەکەم. دیارە ئێمە لە ئەنتالیا یان لە هەر کۆڕبەندێکی دیکە لە (1987)ـەوە راگەیاندنی خۆمان کردووە، یەکێک لە کێشە گەورەکان کە کێشەی کوردە هەوڵمان داوە بیگەیەنینە جیهان، هەوڵمان داوە لۆبی بۆ دروست بکەین، هەوڵمان داوە کە ئینشەڵڵا خەڵکی خۆمان بەختەوەر بێت. ئەوەی فەرمووت مەسەلەی بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع کە ئێستا سەرۆکی سووریایە، لەوێ یەکترمان بینی، هەتا خۆی پێی خۆش بوو کەوا لەناو کۆڕبەندەکەش نەبێت، لە دەرەوەی کۆڕبەندەکە لە هۆتێل پێکەوە دانیشتین. لەوێ قسەی باش کرا و کاتی دانیشتنەکەش بە دەست خۆمان بوو چەند دابنیشین، باسی کوردمان کرد، باسی سووریامان کرد.
 
رووداو: مامۆستا، پێشتر جەنابت وتت کە پێشتر یەکترتان نەناسیوە، بەڵام زانیاری لەسەر بنەماڵەکەی ئێوە هەبووە. هیچی بیر مابوو، هیچی باس کرد لەو بارەیەوە؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەڵێ بەڵێ، ئەو زانیاریی هەبوو، زانیاریی وردیشی هەبوو، باسی کرد و گوتی من ئاگادارم، هەتا هەڵەبجە دەناسێت، زانیاری لەسەر هەورامان دەزانێت، هەمووی دەزانی.
 
رووداو: زانیاری لەسەر کیمیابارانی هەڵەبجەش هەبوو وانییە؟ باسی ئەوەی نەکرد کە هاتووچۆی ئەوێی نەکردووە؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەڵێ، نازانم بەڵام ناوچەکانی هەمووی دەزانی.
 
رووداو: بانگهێشتی نەکردیت بۆ دیمەشق؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەڵێ، بە وەڵڵا پێی گوتم، گوتی حەز دەکەم؛ هەر پێش ئەوەی لەوێش دابنیشین خۆی پێی خۆش بوو لە دیمەشق یەکتر ببینین. گوتم مادام دێیت بۆ ئەنتالیا لە ئەنتالیا یەکتر دەبینین، بەڵێ ئێستاش بانگهێشتی کردووم کە بچم بۆ دیمەشق.
 
رووداو: پێشتر قسەتان کردبوو؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نەخێر بەس ئێمە لە رێگەی کەناڵەکانی خۆمانەوە قسەمان کردبوو، ئینجا ئەو گوتی حەز دەکەم بێیت، لەوێ، تاوەکو بۆ مەسەلەی کورد، سەردانی ناوچە کوردییەکان بکەیت، گوتمان ئەگەر ئێمە بتوانین وەک ئەوەی زیاتر لە نێوانتان ئیشەکان ئاسانتر بکەین، ئێمە ئامادەین، حەز دەکەین لە نێوان ئەوان و ئەو برا کوردانەی لەوێن بین.
 
رووداو: مامۆستا، کە دانیشتی لەگەڵی، هەستت کرد جیهادییەکی ئیسلامییە ئێستا یان سیاسییەکی دەوڵەتمەدارە؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نا، ئەو رۆژەی کە خۆی پێی نایە دیمەشق، ئەوەی کە زۆر وڵات نەیانتوانی بیکەن یان زۆر جووڵانەوەی ئیسلامی نەیانتوانی بیکەن، ئەو زۆر بە عاقڵانە کردی. گوتی من ئەمڕۆ کە پێم ناوەتە دیمەشق، ئەمڕۆ من دەوڵەتم، ئیتر من نە جووڵانەوەیەکی جیهادی پێشووم و نە ئەو جووڵانەوە ئیسلامییەی پێشووشم، من ئەمڕۆ موڵکی خەڵکم و وێنای هەموو گەلی سووریا دەکەم بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. بەڵێ ئەو ئێستا وێنای دەوڵەتی سووریا دەکات و وەکو سوورییەک مامەڵە دەکات.
 
رووداو: هەڵوێستی چی بوو لەسەر رۆژئاوای کوردستان؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: وەڵڵا ئەوەی من لێی تێگەیشتبم نییەتێکی باشی هەیە، لەو مەسەلە کۆنانەی کە باست کرد، مەسەلەی ئەو کێشە گەورانەی کە لە کاتی ئەسەدا هەبوو، مەسەلەی راپەڕینی خەڵکی سووریا، دواتر کێشە کەوتە نێوان ئەو هێزانەی کە راپەڕی بوون ئەوانە هەمووی دەیویست فەرامۆشی بکات. دەیگوت: مامۆستا عیرفان ئێستا ئەو وەزعە رۆیشتووە، نە ئێمە ئەو وەزعەمان ماوە نە خەڵکی تر، گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەو ناوچە کوردنشینانە کە پێشتر ترسێنراون لە دەسەڵات لە سووریا، ئەوەندەی ئازار داون ئێستا ترساون، دەبێ ئێمە کارێک بکەین ئەو خەڵکە خۆی بە هاووڵاتییەک بزانێت، نەترسێت. ئەوەی پێمان بکرێت لە چاکە بیکەین، گوتی یەک ملیار دۆلار تەرخان کراوە بۆ ئاوەدانی حەسەکە، ئەمە شتێکی گرنگە.
 
رووداو: لەبارەی مافی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان قسەتان کرد؟ پێت گوت مافی گەلی رۆژئاوای کوردستان بدات؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: هەر پێش ئەوەش من پەیامم بۆ ناردبوو، کە ئەو هەشت خاڵەی راگەیاند پێش ئەوە ئاگادارم کردبووەوە کە جەنابت دەسپێشخەری بکە، ئەو مافانە بدە، چونکە خۆت دەزانیت کورد لەوێ مەزڵوومە.  باسی ئەو هەموو مێژووە گەورەیەی سووریامان کرد کە کورد چەند بەشدار بووە لە مێژووی سووریا.  لە رووە ئیسلامییەکەشەوە کە سەیر دەکەی ئەوانەی لەوێ مونەزیر و موفەکیر بوون هەموویان کوردن، پێی خۆش بوو. جا ئەوەی کە هەستم کرد ئەو پیاوە نییەتێکی باشی هەیە و حەز دەکات سووریا گەشە بکات، مێژوو بۆ خۆی دروست بکات، نایەوێ هیچ کێشەیەکی هەبێت تەنانەت لەگەڵ دروزەکانیشدا نایەوێت هیچ کێشەیەک هەبێت، دەیەوێ ئەو ناوچانە گەشە بکەن، ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەتی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی پێشتر هەیان بووە لەگەڵ بەعس و لەگەڵ ئەوان نەمێنێت و بۆ خۆیان وەکو هاووڵاتییەک لە رووی ئابوورییەوە ناوچەکەی خۆیان گەشە پێبدەن.
 
رووداو: کەواتە چۆن دەیەوێ کێشەی رۆژئاوای کوردستان چارەسەر بکات؟ بۆ نموونە باسی ئۆتۆنۆمی بۆ رۆژئاوای کوردستان نەکرد؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئاخر خۆی ئەوان رێککەوتنیان کردووە، ئێستا من ناتوانم بە ناوی خەڵکی رۆژئاواوە بچم رێککەوتنی لەگەڵ بکەم. ئەوان خۆیان خەڵکی رۆژئاوا لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرع دانیشتوون، رێککەوتننامەیان واژۆ کردووە. ئێمە و هێزەکانی دیکەش کە لە کوردستان هەن بتوانین هاوکار بین لە هەر لایەک کە رێککەوتنەکەیان بە جوانی جێبەجێ بکرێت کە ئێستاش بە باشی دەڕوات، ئەوە هەموو مافەکانی کوردی تێدایە.
 
رووداو: چی تێدایە بۆ کورد بۆ نموونە؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەو هەشت خاڵەی کە راگەیێندراوە و خودی ئەو برادەرانە هەمووی پێی رازین و ئێستا خۆیان باسی دەکەن کە ئیشەکانمان بە رێک و پێکی دەڕوات. مومکینە لە ئایندەشدا بەڕێز مەزڵووم عەبدی کە ئێستا هەماهەنگە و هیچ کێشەیەکیان نییە لەگەڵیدا، کەوا بتوانێت حیزبێکی سیاسی لە هەموو سووریادا دروست بکات و بتوانێت ئیشی خۆی بکات.
 
رووداو: مامۆستا وەک جەنابت گوتت ئەو دەیەوێ کێشەکان لەگەڵ هەموو لایەک چارەسەر بکات و مێژوویەک بۆ خۆی تۆمار بکات، لەگەڵ کوردیش کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام تا ئێستا ئەو دان بە بوونی رۆژئاوای کوردستاندا نانێت، جەنابت دەزانیت ئامادە نییە تاکو ئێستا ئۆتۆنۆمی بداتە رۆژئاوای کوردستان.
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئاخر کاک سەنگەر، ئەو، من دەڵێم ئەو رێککەوتنەی خۆیان ئیمزایان کردووە،  قسەیەکی عەرەبی هەیە دەڵێت "مَلَكِيُّون أَكْثَرُ مِنَ المُلُوك". ئێستا ئەوان خۆیان رازین، ئەوانەی کە لەوێ نوێنەرایەتیی کورد دەکەن، چ بە پەکەکە، چ بە ئەنەکەسە، چ بە هەر کەسێک هەیە لەوێ قەسەدە، ئەوان خۆیان بە وەزعەکە رازین، ئێستا من لێرەوە یەعنی بڵێم چی؟ بڵێم ئەو نەی کردووە؟ ئەوان خۆیان دەڵێن کردوویەتی، من چی بکەم یەعنی؟
 
رووداو: مامۆستا باسی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلتان کرد لەگەڵ ئێران؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەو شێوەیە نا، بەڵام دیارە ئەو ناوچەیە کاریگەریی هەیە، ئەو شەڕە کاریگەریی هەیە لەسەر عێراق، لەسەر سووریا، ئەگەر خوانەخواستە بەردەوام بێت کاریگەریی زۆر خراپتری دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا باشە، تاوەکو ئێستا سووریا بێلایەنیی خۆی پاراستووە، دەوڵەتە کەنداوییەکان پاراستوویانە، عێراق پاراستوویەتی، ئەمە باشە. تورکیا رۆڵێکی باش دەبینێت لەو ئاشتەواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەوە شتێکی باشە.
 
رووداو: مامۆستا، جەنابت لە ئێران ژیاویت، ترەمپ دەڵێت رژێمی ئێرانیان گۆڕیوە، ئەو قسەیەی ترەمپ راستە؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: خۆی ترەمپ کێشەیەکی هەیە، یەعنی ئەوانەشی کە زۆر لێی نزیکن ناتوانن پێشبینیی نە قسەکانی نە رەفتاری بکەن. ئەو ستراتیژییەتێکی هەیە، ئەو دەیەوێت لە دوورمەودا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە بڕوات، لەبەر ئەوە ئەو قسانەی کە دەیکات بۆ دەنگدەری ئەمریکایە. دەڵێت فەرموو ئەو کێشەیە نەما، ئەوە ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئەوە ئیسرائیل و دراوسێکانی لە سوڵح و سەباتدا دەژین، تەنها بۆ دەنگدەری ئەمریکایە ئەو قسانە.
 
رووداو: مامۆستا، لە ئەنتالیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش یەکترتان بینی و کۆبوونەوە، باسی چیتان کرد؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: لەراستیدا کاک نێچیرڤان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دیارە ئەویش زۆر بەخەم بوو بۆ ناوچەکە، زۆر زۆر بەخەم بوو، هەردوولامان قسەمان کرد لەسەر مەسەلەی عێراق، لەسەر ئەو گۆرانکارییانەی کە لە بەغدا هەن، لە ناوچەکەدا هەیە، دۆخی هەرێم لە بەغدا، لە ناوچەکە، زۆر بەخەم بوو، پێی خۆش بوو کە ئەو دۆخە بە هەر شێوەیەک بێت لەو بنبەستە دەرچێت، کورد بڕوات، دۆخی خۆی باشتر بکات لە ناوچەکە.
 
رووداو: باسی دۆخی کوردستانتان کرد؟ چی لێ دێت نزیکبوونەوەی لایەنەکان، حکومەت، نێوان ئێمە و بەغدا؟
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەڵێ بەڵێ باس کرا، بەڵێ سەرۆکی هەرێم ناڵێم ئەو وەزعی بەغدای زۆر پێ ناخۆشە کە ئەو گرژییە هەیە لە بەغدا، هەتا بۆ کوردستانیش ئەو گوتی من چەندجار گوتوومەتەوە کە حەز دەکەم هەرێمی کوردستانی خۆمان لایەنەکان زیاتر لە یەکدی نزیک بن، ئەو گرژییە خراپەی هەیە لە نێوان لایەنەکاندا، بەڵێ ئەوەی گوت.