ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵە: هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر کەمپێکی کۆمەڵە لە سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەندامێکی سەرکردایەتی حیزبەکەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەڵیت، بەهۆی ئەوەی درۆنی چاودێری بەسەر کەمپەکەوەیە نەیانتوانیوە لێی نزیک ببنەوە بۆ زانینی زیانەکان.
رۆژی چوارشەممە 22-04-2026 ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند، کەمپی سوورداش کرایە ئامانج و بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستاش درۆنی چاودێریی بەسەر کەمپەکەدا دەسووڕێتەوە، هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە بچنە نێو کەمپەکەوە بۆ ئەوەی بزانرێ زیانەکان چین.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵە گوتی، کەمپەکە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە چۆڵ کراوە، بەڵام هەندێک جار پێشمەرگەکانیان بۆ هێنانی کەلوپەلەکانیان دەچنە نێو کەمپەکە، بۆیە تاوەکو ئێستا نازانن لەکاتی بۆردوومانەکەدا کەسی لێبووە یان نا.
هێرشەکە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆش هێرش کرایە سەر هێزێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
پارتی ئازادیی کوردستان دەڵێ، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ "تاران لە رێگەی چوار درۆنەوە هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە بارەگاکانی سپای میللیی کوردستان" و بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە بریندار بوون.
بەپێی راگەیێندراوی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) کە ئەمڕۆ 22ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هێرشەکە لە کاژێر 01:24 خولەکی بەرەبەیانی ئەنجامدراوە.
پارتی ئازادی ئاماژە بەوە دەدات، "ئەم هێرشە تەنیا دوو کاژێر دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی راگەیاند."