کتێبێک لەبارەی "هونەری رۆمان"ـەوە
رووداو - هەولێر
نووسەر و رۆژنامەنووس سەنگەر رەمزی زراری كتێبی "هونەری رۆمان.. مێژوو، خوێندنەوە و بەردەوامی" چاپ و بڵاودەكاتەوە كە باس لە گرنگیی رۆمان دەكات وەكو ژانرێكی سەرەكیی ئەدەب.
سەنگەر زراری بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی گوت: "كتێبەكە باسی گرنگیی رۆمان دەكات و لە سێ بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشی یەكەم لە چەند باسێكی جیاوازدا هونەری رۆمان و پێناسە و مێژووی رۆمان و پەیوەندیی رۆمان بە رەگەزە ئەدەبی و هونەرییەكانی دیكەی وەكو: شیعر، سینەما، ژیاننامە، مێژوو و... دەخاتەڕوو، هەروەها باسی مێژووی رۆمانی كوردی دەكات لە سەرەتاوە تاوەكو راپەڕینی ساڵی (1991)، بۆ ئەمەش بیبلۆگرافیایەكی تێروتەسەل دروستكراوە و بیبلۆگرافیاكە ناوی سەرجەم ئەو رۆمانە كوردییانەی تێدایە كە لە سەرەتاوە تاوەكو راپەڕینی 1991 دەرچوون، چ ئەوانەی نووسراون و چ ئەوانەی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی كوردی".
سەبارەت بە بەشی دووەم و سێیەمی كتێبەكە گوتی: "بەشی دووەم رەخنە و خوێندنەوەی ژمارەیەك رۆمانی كوردییە و بەشی سێیەمیش رەخنە و تێڕامانە لە چەند رۆمانێكی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی كوردی".
سەنگەر رەمزی ساڵی 1981 لە هەولێر لەدایك بووە. دەرچووی بەشی راگەیاندنی پەیمانگای تەكنیكی هەولێرە. تاوەكو ئێستا 7 كتێبی چاپ و بڵاوكردوونەتەوە.