تەندروستیی دهۆک: تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک رایگەیاند، ئافرەتێکی دیکەی تووشبووی تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمارکرا، بەڵام تەندروستیی جێگیرە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، مەتین جەمیل، گوتەبێژی راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دهۆک تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا، کە خوشکی ئەو ئافرەتەیە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا بەهۆی تای خوێنبەربوون لە دهۆک گیانی لەدەستدا."
 
10ـی ئایاری 2025، تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە دهۆک گیانی لەدەستدا و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی، ژنێکی 45 ساڵ بووە و خەڵکی شیلادزێیە لە قەزای ئامێدی.
 
لەبارەی تەندروستیی ئەو ئافرەتە، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک گوتی، "تەندروستی زۆر باش و جێگیرە لە ژێر چاودێری دایە."
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا لە سنووری کەرکووک (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان) پێنج کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە.
 
ساڵی 2023، لە هەرێمی کوردستان 9 کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستدا، بەڵام پار هیچ کەسێک بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستنەداوە.

ئەو گومانلێکراوەی تای خوێنبەربوون لە دهۆک کە دوێنێ هەواڵەکەی لە پەیجی تەندروستیی رووداو بڵاوکرایەوە، ئەمڕۆ بە تووشبووی تای خوێنبەربوون دەستنیشان کراوە.