قوتابخانەیەکی کۆن لە بالیسان مەترسی لەسەر ژیانی 45 قوتابی دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەر گۆشەیەکەوە سەیری بکەیت، درز و لێکترازان دیوارەکانی چواردەوری بیناکەی تەنیوە؛ ئەوە قوتابخانەی گوندی بێراوەیە لە سنووری شارۆچکەی بالیسان کە هێندە کۆن و بێ کەڵک بووە، خەریکە بەسەر قوتابی و مامۆستاکانیدا دەڕووخێت.
ترس و دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر رۆژانەی قوتابییەکاندا کێشاوە. مەئوا سێبور، یەکێک لە قوتابییەکان، بە نیگەرانییەوە بە رووداوی گوت، ''مار و دووپشک خەریکە دەمانخوات، یاریگەمان نییە، مەترسیمان لەسەرە، کاتی باران و هەورەبرووسکە قوتابخانەکە دەلەرێتەوە، زۆر دەترسین.''
هاوپۆلەکەشی، ئەنەس یاد، هەمان نیگەرانی هەیە و باس لەوە دەکات: ''هەر بوومەلەرزەیەکی بچووک بێت، قوتابخانەکە رووخاوە، دەبێت رابکەین. ئاوەکەی پاک نییە بۆ خواردنەوە، قوتابخانەکەمان زۆر زۆر خراپە.''
لە قوتابخانەکەدا 45 قوتابی لە پۆلی یەک تاوەکو شەشی بنەڕەتی رۆژانە لە شەش پۆلدا وانە دەخوێنن. لەپاڵ خراپی و کۆنیی بیناکە، کەمیی کارەبا و نەبوونی ئامرازەکانی فێرکردن، گرفتێکی دیکەی بەردەم پرۆسەی خوێندنن لەو قوتابخانەیەدا.
مامۆستایانیش لە هەلومەرجێکی سەختدا وانە دەڵێنەوە. چاوەڕوان محەممەد، یەکێک لە مامۆستاکان، ئاماژە بە کەمیی شوێن و پێداویستییەکان دەکات و دەڵێت: ''یەک ژوورمان هەیە بۆ مامۆستا و کارگوزار و بەڕێوەبەر. ئەگەر میوان بێت، دەبێت ئێمە بچینە دەرەوە. هیچ پێداویستییەکی تێدا نییە، لەسەر ئەرکی خۆمان شت دەکڕین.''
کۆنی و خراپیی قوتابخانەکە وایکردووە کەسوکاری قوتابییان بە تەواوی نیگەران بن و هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو منداڵەکانیان نانێرنەوە بۆ ئەو قوتابخانەیە.
موحسین حاجی، باوکی یەکێک لە قوتابییەکان، دەڵێت: ''ئەو قوتابخانەیە بۆ ساڵی داهاتوو شیاوی خوێندن نییە منداڵەکانمان بنێرین. دوو ساڵە هەوڵ دەدەین، کەس نایە بە دەنگمانەوە. هەرکەسێک بێت سەیری قوتابخانەکە بکات، منداڵەکانی نانێرێتە ئەو قوتابخانەیە.''
جەمال جەمال، باوکێکی دیکەی قوتابییە، داوا دەکات بە زووترین کات چارەسەرێکی کاتییان بۆ دابین بکرێت: ''هەرچۆنێک بێت قوتابخانەیەکمان بۆ دابین بکەن، کەرەڤانە یان کابینە بێت، هەتا قوتابخانەیەکمان بۆ دروست دەکەن. ساڵی داهاتوو ئەم قوتابخانەیە دەوامی تێدا ناکرێت.''
لە گوندەکەدا کە نزیکەی 70 ماڵن و خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین، تەنیا ئەم قوتابخانەیە هەیە. قوتابخانەکە 28 ساڵ لەمەوبەر لەسەر ئەرکی رێکخراوێکی بەریتانی دروستکراوە و دوای جارێک نۆژەنکردنەوە، ئێستا هەموو کون و قوژبنێکی شەقی بردووە و مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژیانی قوتابییان و مامۆستایان دروستکردووە.
بەرنامەی بەرپرسیار لەسەر ئەو دۆسیەیە ببینن