نرخی ئاژەڵ و گۆشت لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئاژەڵی زیندوو لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. بەرپرسێکی باڵای پەیوەندیدار هۆکارەکەی دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوەش دەکات، پێش بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبەق لە سووریا و بڕیاری عێراق بۆ قەدەخەی هاوردەکردنی ئاژەڵ لەو وڵاتەوە، هەرێمی کوردستان رێگەی نەداوە ئاژەڵی سووریا هاوردە بکرێت.
نرخی کیلۆیەک ئاژەڵی گەورە وەکو مانگا و گوێرەکە بە زیندوویی ئەمڕۆ بە 7 هەزار و 750 دینارە. هەروەها ئاژەڵی بچووک بە 9 هەزار دینارە، بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو کیلۆیەک نزیکەی 1500 دینار گران بووە. هەروەها هەر کیلۆیەک گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ هەزار دیناری چووەتە سەر.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی گۆشت لە تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بەرزبووەتەوە. ئەویش هۆکاری زۆری هەیە، کە سەرەکیتریان خواستی زۆر و دۆخی جەنگە، کە بووە بەهۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گواستنەوە".
جگە لە بەرهەمی نێوخۆ، زۆرترین ئاژەڵی هاوردەکراوی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە بەڕازیلەوە دێت. فیراس سدیق گوتی: "پێشتر تۆنێک ئاژەڵ بە زیندوویی لە بەڕازیل بە 2200 دۆلار بوو، ئێستا لەو وڵاتە بووەتە 3300 دۆلار".
پار بەشێکی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی وەکو سووریا، ئێران و تورکیاوە هاوردە دەکرا. بەگوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئێستا نرخی ئاژەڵ لەو وڵاتانە یان زیاترە یان وەکو هەرێمی کوردستانە، بۆیە بازرگانان ناچنە ئەو وڵاتانە بۆ هاوردەکردن.
فیراس سدیق گوتی: "پێشتر لە خاڵەکانی هەرێمی کوردستان تۆنێک ئاژەڵ 130 دۆلار گومرگی هەبوو، ئێستا لە رێگەی ئاویی لە بەسڕەوە دەهێندرێ تۆنێک گومرگی کراوەتە 500 دۆلار، هەروەها نرخی گواستنەوە پێشتر لە بەڕازیلەوە تۆنێک 900 دۆلار بوو، ئێستا بەهۆی دۆخی جەنگ و بەرزبوونەوەی پارەی کۆمپانیاکانی پاراستنی دڵنیایی بەرزبووەتەوە بۆ 1600 دۆلار".
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ و گۆشت لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە هاتنی جەژنی قوربانە، کە وڵاتانی ئیسلامیی و لەنێویاندا سعودیە بە رێژەی "زۆر و بەرچاو" ئاژەڵ هاوردە دەکەن.
تێپەڕینی ئاژەڵی سووریا بە خاکی عێراقدا قەدەخە دەکرێت
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەمڕۆ هەینی تێپەڕبوونی ئاژەڵی زیندووی لە سووریاوە بە خاکەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو راگرت، ئەوەش بە مەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبەق.
هەینی 22ی ئایاری 2026، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ئەو رێکارە کاتییە بۆ خۆپارێزییە و رێگە نادرێت ئەو ئاژەڵانە لە سووریاوە بە ترانزێت بە عێراقدا تێپەڕن بەرەو وڵاتانی کەنداو.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ماوەیەکە بەهۆی ئەوەی هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکرێ، نرخی ئاژەڵ لە سووریا بەرزبووەتەوە و کەس هاوردەی هەرێمی کوردستانی ناکات".
بەگوتەی فیراس سدیق، بەهۆی دۆخی جەنگی سووریا و گۆڕینی دەسەڵات و نەبوونی دڵنیایی لە تەندروستبوونی ئاژەڵەکان، پێش بڕیارەکەی عێراقیش رێگە نەدراوە ئاژەڵ لە سووریاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێ.