له "قه‌ندیلی بچووك" ئۆپه‌راسیۆنێك به به‌شداری هەزاران سه‌رباز دەستیپێكرد
رووداو - ئامه‌د
كه‌مپه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK له‌سه‌ر هێڵی سه‌ره‌كی ناوچه سه‌رسه‌خته‌كانی لیجێ - مووش كە بە "قەندیلی بچووك" ناسراوە، ئامانجی سوپای توركیا ده‌بن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئۆپه‌راسیۆنێكی فراوان به به‌شداری 7 هه‌زار سه‌رباز ده‌ستیپێكرد، پێشبینی شەڕێكی قوڕسیش دەكرێت.
ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كه‌ی سوپای توركیا به راگه‌یاندنی بڕیاری قه‌ده‌خه‌كردنی هاتووچۆ به‌سه‌ر 25 گوند و دێهاتی سه‌ر به شارۆچكه‌كانی لیجێ، خانێ، فارقین، خازرۆ و قوڵپ له ئامه‌دی باكووری كوردستان ده‌ستیپێكرد، 7 هه‌زار سه‌ربازی توركیا لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەشدارن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مپه شاراوه‌كانی په‌كه‌كه لە ناوچه سه‌رسه‌خته‌كانی سه‌ر هێڵی سه‌ره‌كی لیجێ - مووش بكرێنه ئامانج.
بنكه سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا لە ئێلیه، مه‌له‌تێ و ئامه‌د له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان چاودێری جموجۆڵه‌كانی په‌كه‌كه ده‌كەن و زانیاری ورد ده‌گه‌ییێنن، هاوكات هێزه‌كانی جه‌ندرمه‌و ئاسایش وێڕای هه‌وڵی پووچه‌ڵكردنه‌وه و خاوێنكردنه‌وه‌ی رێگه سه‌ره‌كییه‌كان له بۆمب و مینه چێنراوه‌كان، ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئۆپه‌راسیۆنه هاوكاته‌كان له لیجێ كه به "قه‌ندیلی بچووك" ده‌ناسرێت، دواتر له ناوچه شاخاوییه‌كانی ته‌ندوره‌ك، جودی، گابار و عه‌لی بوغاز له دێرسیم و كیغی له بینگۆل و جیلۆسات له نزیك گه‌ڤه‌ر، له‌لایه‌ن هه‌مان هێزه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن.
كه‌مپی مو‌سا عه‌نته‌ر له‌سه‌ر رێگه‌ی سه‌ره‌كی لیجێ - مووش به‌ئامانج گیراو ئۆپه‌راسیۆنێكی فراوان به پشتیوانی چه‌كی قوڕس و فڕۆكه جه‌نگییه‌كان و هه‌لیكۆپته‌ره سه‌ربازییه‌كان ده‌ستیپێكرد و، سه‌رجه‌م كه‌مپه‌كانی دیكه‌ی ناوچه شاخاوییه‌كانی شه‌ن یایلا به‌هه‌مانشێوه‌ی ئامانجی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانه.
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی گشتیی سوپای توركیا پێیوایه، 26 شاره‌زای دروستكردنی بۆمب له‌گەڵ چه‌ندین تۆن بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی له كه‌مپی نزیك شان یه‌یلا هه‌ن و بۆمبی خۆكوژه‌كان بۆ كرده‌وه خۆكوژییه‌كان له‌م شوێنه به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و ره‌وانه‌ی شاره گه‌وره‌كانی توركیا ده‌كرێن.
كاژێر 05:00ی به‌ره‌به‌یانی رۆژی چوارشه‌ممه 22-06-2016، هاتووچۆكردن له 25 گونده‌كەی سنووری ئامه‌د قەدەخەكرا و 5 كیلۆمه‌تری یه‌كه‌می رێگه‌ی سه‌ره‌كیی ئامه‌د - بینگۆل له‌لایه‌ن سوپای توركیا كۆنترۆڵكرایه‌وه و ئۆپه‌راسیۆنه‌كه تا شه‌مزینانی شرنا‌خ درێژه ده‌خایه‌نێت.